بافڵ تاڵەبانی: رێگردەبم لە بەرتەسککردنەوەو پێشێلکردنی مافی رۆژنامەوانان

4   کاتژمێر پێش ئێستا  18 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی لە رۆژنامەنوسان دەکات و رایگەیاند: "رۆژنامەوانان دڵنیادەکەمەوە کە بەهەموو توانامەوە رێگردەبم لە بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەوانان".

دەقی پەیامی بافڵ تاڵەبانی:

بەبۆنەی یادی 127 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی بەناوی 'کوردستان'ـەوە لە دڵەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئەو راگەیاندنکار و رۆژنامەوانانە دەکەم کە پیشەییانە شانیان داوەتەبەر بەجێگەیاندنی ئەرکی میدیایی و وەک خامەیەکی سەنگین و بوێر و ئازا خزمەتی رەوتی رۆژنامەگەریی کوردی و گەلەکەمان دەکەن.

وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوان دەبم بۆ فراوانکردنی پانتایی ئازادی نووسین، رەخنەگرتن و ئازادی رادەربڕین کە پایەیەکی سەرەکی پێشکەوتنی هەرێمەکەمان و کۆمەڵگەی کوردین.

لەم رۆژەدا رۆژنامەوانان دڵنیادەکەمەوە کە بەهەموو توانامەوە رێگردەبم لە بەرتەسکردنەوەی کاری رۆژنامەوانی و پێشێلکردنی مافی رۆژنامەوانان. دووپاتیدەکەمەوە کە دەبێت لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان بەپێی یاسای رۆژنامەگەری مامەڵە لەگەڵ هەر كه‌يسێكى رۆژنامەوانيدا بکەن.

داواکاری من لە رۆژنامەوانانی بەڕێز ئەوەیە کاری لەپێشینەیان پاراستنی ئاشتیی كۆمەڵایەتی بێت و ببنە پارێزه‌رى به‌رژه‌وه‌نديی خەڵکە خۆشەویستەکەمان. ئەرکی رۆژنامەوانانە پیشەییانە و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرس و رووداوەکاندا بکەن و کارەکەیان تێکەڵی رقی کەسی و حیزبی نەکەن و هەڵگری قەڵەمێكی راستگۆ و بوێربن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


   ئەمانەش بخوێنەرەوە