لە هەولێر دەست بەسەر نزیکەی شەش کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیرا
2025-04-17
118 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستیان بەسەر شەش کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری ماریجوانادا گرتووە و پەیوەست بە دۆسیەکەش پێنج کەس دەستگیر کراون.
نەقیب ئەرکان بیبانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ''لە بەردەوامیی هەوڵەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوە و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەنێو شاری هەولێر تۆڕێکی بڵاوکردنەوە و بازرگانی بە مادەی هۆشبەر لە جۆری ماریجوانامان هەڵوەشاندەوە.''
بەوتەی نەقیب ئەرکان بیبانی، لەم چالاکییەی بەڕێوەبەرایەتییەکەدا توانراوە دەست بەسەر نزیکەی شەش کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری ماریجوانادا بگیرێت.
پەیوەست بە دۆسیەکە، پێنج ژن و پیاو دەستگیرکراون. وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، ''دۆسیەی تاوان بۆ سەرجەم تاوانباران کراوەتەوە و بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.''
نەقیب ئەرکان دەڵێت، ''ئەم تۆڕە مەترسیدارییەکەی لەوەدا بووە کە ئەندامانی کورد و عەرەب بوون و ئافرەتیان بۆ فێرکردنی منداڵ، گەنج و لاوی پارەدار بەکارهێناوە.''
سەبارەت بە سەرچاوەی مادە هۆشبەرەکەش، نەقیب ئەرکان بیبانی گوتی: "سەرچاوەکەیان لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان نەبوو، بەڵکو لە وڵاتانی دراوسێوە هێنراونەتە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بڵاوی بکەنەوە و خەڵک ئاڵوودە بکەن.''
نەقیب بیبانی دەشڵێت، سەرجەم ئەندامانی تۆڕەکە حەوت کەس بوون و دەستگیرکردنی ئەم پێنج کەسە، تەواوکەری هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕە بووە کە پێشتر لە راگەیێندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستاندا دەستگیرکردنی دوو بازرگانی مادەی هۆشبەر لە جۆری ماریجوانا راگەیێندرابوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە پێنج هەزار و 700 زیندانیکراو لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دا هەن، لەو ژمارەیە، هەزار و 527 تۆمەتباری مادەی هۆشبەر سزادراون کە دەکاتە یەک لەسەر پێنجی کۆی سزادراوان، کە زیاتر لە 800ـیان بازرگانن.
|