یەکێتی و پارتی بۆ دابەشکردنی پۆستەکان کۆدەبنەوە

2025-04-17  203 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە. دەشڵێت: "سەرەتای هەفتەی داهاتوو لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانەی بەغدا دەکرێت."
 
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وتی: "کێشەی سیاسی و تەکنیکی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا هەیە؛ چەند جارێک شاندەکانی هەردوو حکومەت هاتووچۆیان کردووە بۆ ئەوەی کەموکورتییەکان دیاری بکەن، ئێستا گەیشتوونەتە چارەسەرکردنی یاساکان، بەڵام گلەیی و گازاندە هەر هەن."
 
بە وتەی وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیران، هیوا هەیە ئەم ساڵ، ساڵی چارەسەری یەکجارەکی کێشەکان بێت. بەم نزیکانە شاندێکی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
 
سەمیر هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد: "لیستی مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە سیستمی پەیڕۆڵ ئامادەیە؛ بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیستەکە بۆ بەغدا رەوانە بکرێت و وردبینی تێدا بکرێت. تەمویلکردنی مووچەش، دەکەوێتە دوای مووچەی مووچەخۆرانی عێراق."
 
لەبارەی کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی داهاتوو، سەمیر هەورامی روونیکردەوە، "هەندێ کەناڵ باسی دابەشکردنی پۆستەکانیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هیچ دانیشتن و کۆبوونەوەیەکی یەکێتی و پارتی باسی دابەشکردنی پۆستەکان نەکراوە".
 
سەمیر هەورامی راشیگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا باس لە دابەشکردنی پۆستەکان دەکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە