ترەمپ: ئێران ڕێککەوتن ڕەتبکاتەوە ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپ دەبێتەوە

2025-03-29  212 جار خوێنراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری بە کۆماری ئیسلامی ئێران دەدات، ئەگەر نەیەتە ژێر باری ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوە تاران ڕووبەڕووی دۆخێکی خراپ دەبێتەوە.

دۆناڵد ترەمپ لە نووسنگەکەی لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی وت: باشتروایە لەگەڵ ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بگەینە ڕێککەوتن، چونکە ئەگەر چارەیەک نەدۆزینەوە، ئەوە دۆخێکی خراپ بەسەر ئێراندا دێت.

ڕاشیگەیاند: یان ئەوەتە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەکەین یانیش شتی زۆر خراپ بەسەر ئێراندا دێت، خواستی منیش ئەوەیە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەین، بەڵام ئەگەر چارەسەری نەکەین شتی خراپ ڕوو دەدات.

ئەم هەڵوێستەی ترەمپ لە کاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای ئێران ڕایانگەیاندووە، لەم نزیکانە لە ڕێگەی سەڵتەنەی عوممانەوە وەڵامی نامەکەی ترەمپ دەدەنەوە، لەگەڵ ئەمەشدا بەشێوەیەکی گشتی ڕەتی دەکەنەوە لە ژێر فشاری سیاسی و سەربازی بچنە نێو دانوستانێکی ڕاستەخۆ لەگەڵ ئەمەریکا.

دۆناڵد ترەمپ لە 7ـی ئاداری 2025، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ئاشکرای کرد، بۆ ڕێککەوتن لەسەر پرسی ئەتۆمی ئێران، نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی ناردووە.

لەو نامەیەدا ترەمپ، خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ دانوستان و ڕێککەوتن لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، بە گوتەی خۆی ئاماژەشیداوە، کە ڕێککەوتن تاکە ڕێگەیە لە بەردەم ئێران.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە