دووەم بەشەخۆراکی ئەم ساڵ دابەش دەکرێت
2025-03-28
301 جار خوێنراوەتەوە
زۆرینەی مادەکانی دووەم بەشەخۆراکی مانگانەی ئەم ساڵ گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان و لە چەند رۆژی داهاتوودا دابەش دەکرێن.
دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، بە میدیاکانی ڕاگەیاند: "هاتنی خۆراک دەستی پێکردووە و دوای جەژن دووەم بەشەخۆراک دابەش دەکرێت".
هاوکات، ئازاد حوسێن، جێگری بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە سلێمانی وتی: "رەزامەندی بۆ دابەشکردنی خۆراک دراوە و دوای جەژن راستەخۆ دابەشی دەکەین".
ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە رۆنی شل کە "لە بەغداوە بە کەمی" دێت، مادەکانی دیکەی بەشەخۆراک لە کۆگاکاندا هەن.
ئەوەی بڕیارە دابەش بکرێت بۆ یەک کەس پێکدێت لە: یەک کیلۆ شەکر، سێ کیلۆ برنج، یەک لیتر زەیت (لەگەڵ گەیشتی دابەش دەکرێت)، 400 گرام دۆشاوی تەماتە، نیو کیلۆ نیسک، نیو کیلۆ لەتکە نۆک و 9 کیلۆ ئارد.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.
|