شارەوانی سلێمانی ڕێکاری نوێ بۆ پڕۆژەی ١٠٠ مەتری دەگرێتەبەر
2025-03-26
407 جار خوێنراوەتەوە
ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی، ڕایگەیاند، “بانگهێشتی ئەندازیاری سەرپەرشتیاری شەقامی ١٠٠مەتری شاڕێی بابان كرا بۆ ڕوونكردنەوەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی ئەو پڕۆژەیە و خێراتركردنی كارەكانی، هەروەها ئەنجوومەنەکە داوای كردووە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێك یاداشتی چۆنییەتی كارەكانی شەقامەكە بخرێتە بەردەستیان”.
شارەوانی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەنجوومەنی شارەوانیی بە سەرپەرشتیی سەرۆكی ئەنجوومەن و ئامادەبوونی جێگر و زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەن كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی سازدا كە پێنج كاتژمێری خایاند، سەرەتا بڕگەكانی كارنامەی كۆبونەوەكە خرایە گفتوگۆوە، كە چەندین بڕیار واژۆكران، كە هەموو ڕێكارە یاسایی و هونەرییەكانی تەواوكرابوون.
هەروەها ڕایگەیاندووە، بانگهێشتی ئەندازیاری سەرپەرشتی شەقامی ١٠٠ مەتری شاڕێی بابان كراوە، بۆ ڕوونكردنەوەی چۆنییەتی بەڕێوەچوونی كارەكانی ئەو پڕۆژە ستراتیژییەی شارەكە و دواتر خێراتركردنی كارەكانی ئەو شەقامە گرنگە بەشەو و ڕۆژ جەختی لەسەر كرایەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، خێراتركردنی كاری ڕووناكی و ستوونەكانی كارەبای بەپێویستزانرا، پاشان ئەندامانی ئەنجوومەن داوایان لە ئەندازیاری سەرپەرشتیار كرد، كە هەر ٣٠ ڕۆژ جارێك یاداشتی چۆنییەتی كارەكانی بەرەو پێشچوونی شەقامەكە بخاتە بەردەست ئەندامانی ئەنجوومەن.
|