لە ساڵێکدا 183 کۆڵبەر لەڕۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و برینداربوون
2025-03-22
132 جار خوێنراوەتەوە
بەگوێرەی ئامارێکی رێکخراوی کۆڵبەرنیوز، لە ماوەی ساڵێکدا 183 کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون و برینداربوون.
کۆڵبەرنیوز ئاماژەی بەوەکردووە، زۆرینەی قوربانییەکان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کراونەتە ئامانج، لە کۆی 183 حاڵەت، 52 کۆڵبەر کوژراون و 131 کۆڵبەریش برینداربوون.
هەروەها 78%ی حاڵەتەکان بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانەوە بووە، 11 مێردمنداڵی کۆڵبەریش لەنێو قوربانییەکاندا هەبوون. ئامارەکانی کوژرانی کۆڵبەران بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر، 18% زیادیکردووە.
زۆرترین حاڵەتەکان لە پارێزگاکانی سنه، کرماشان و ورمێ تۆمارکراون، شارەکانی بانە، مەریوان و سەردەشت لەڕووی ژمارەی قوربانییەکانەوە لە پلەی پێشەوەدان.
کۆڵبەرنیوز ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پێنج ساڵی رابردوودا بە گشتی هەزار و 314 کۆڵبەر کوژراون و برینداربوون، کە زۆرینەیان بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە بووە.
|