ئەردۆغان هێرش دەکاتە سەر جەهەپەو بە دز و گەندەڵ ناویان دەبات

2025-03-23  264 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆککۆماری تورکیا رەتیدەکاتەوە شارەوانییەکانی ئاکپارتی بە گەندەڵی تێوەگلابن و دەڵێت، "ئەوان حەڵاڵ و حەرام جیادەکەنەوە و خزمەت دەکەن"، بەڵام جەهەپە لەلایەن سەرۆک شارەوانییە گەندەڵ و دز و بەرتیل خۆرەکانەوە بەڕێوەدەبردرێت. 

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداریکرد لە ئێوارەخوانی بەربانگ لەگەڵ بەرپرسانی رێکخستنەکانی ئیستەنبووڵی ئاکپارتی. گوتارێکی پێشکێشی ئامادەبووان کرد و رەخنەی تووندی ئاراستەی جەهەپە کرد. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "شارەوانییەکانمان لایەنگری گەندەڵی نابێت و لەگەڵ ناحەق نابێت. شارەوانییەکانمان لەسەر بنەمای ماف و ئازادییەکان و جیاکردنەوەی حەڵاڵ و حەرام خزمەتەکانی دەکات". 
 
ئەردۆغان، جەهەپە بە "تێکدەری یەکڕیزی و تەبایی نێوخۆیی" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، "لە کاتێکدا هەوڵەکانمان چڕکردوونەتەوە بۆ ئەوەی بەرەی ناوخۆمان بەهێزتر و تۆکمەتر بکەین، کەچی ئۆپۆزیسیۆنی سەرەکی پێچەوانەی ئەمە هەنگاو دەنێت و رۆژەڤێکی نوێی خستووەتەڕوو". 
 
"سەرەتا بە سووریا دەستیانپێکرد، پاساوی بۆ رووداوەکانی بەمدواییانەی سووریا خستەڕوو کە پاشماوەی رژێمی رووخاوی ئەسەد ئەنجامیاندا. ویستیان لەم رێگەیەوە ئاگری ئاشووبی مەزهەبگەرایی خۆش بکەن. هانی برا عەلەوییەکانمانیاندا بۆ تێکدانی یەکریزی و تەباییمان. ئێمەش دەست لەناودەست ئەم یارییە قێزەونەمان تێکدا." ئەردۆغان وای گوت.
 
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک بۆیان دەرکەوت لەم پیلانگێڕییەدا سەرکەوتوو نەبوون، ئەمجارە بۆ پەردەپۆشکردنی گەندەڵییەکانیان دەستیانکرد بە چەواشەکردنی خەڵک. چوار رۆژە ئارامیی خەڵکیان تێکداوە و میلـلەتیان دابەشکردووە و هەموو جۆرە سیناریۆیەکیان دروستکردووە بۆ تێکدانی ئارامی. هەر لە بێڕێزیکردنەوە بگرە تاوەکو دەگاتە هێرشکردنەسەر پۆلیس و "هەڕەشەکردن لە دادوەران و دادگەکانمان و بگرە بە تیرۆری شەقام دەیانەوێت گوشار بخەنە سەر ئیرادەی گەلەکەمان". 
 
باسی لەوەش کرد، "بەمەش نەوەستان، ئەمڕۆ هەڕەشەیان لە دامەزراوە میدیاییەکان و رۆژنامەڤانان کرد. بۆمان سەلمێندرا لە چ گوشار و شپرزەیەکی دەروونیدان. هەڕەشەکانیان هێندە زەق بوو، ناوی یەکە بە یەکەی ئاژانس و میدیاکانیان دەهێنا و پێیان دەگوتن، چاوەڕێی لێپرسینەوە بکەن. بەمشێوەیە سیاسەت دەکرێت؟ هەموو رێگەیەکیان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی ئاژاوە و گرژی لە ئیستەنبووڵ و شارە گەورەکانی دیکە دروست بکەن." 
 
ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتی ئەمڕۆی جەهەپە خواست و ویستی دەنگدەرانیان ناگەیێننە پەرلەمان و لە خەمی ئەواندا نین. ئەوان بوونەتە پارێزەری مشتێک سەرۆک شارەوانی گەندەڵ. هەر ئەم تۆڕە بەرپرس و سەرۆک شارەوانییانە تەواوی جەهەپەیان بە پەڵە و شەرمەزاری دزی و تاڵان و بەرتیل و گەندەڵی جۆراوجۆر تێوەگلاندووە. 
 
باسی لەوەشکرد، جەهەپە تایبەتمەندییەکی دیکەشیان هەیە، هەمیشە پەسنی پارتەکەیان دەکەن کە ئەتاتورک دایمەزراندووە، ئەمە لە کاتێکدایە لەژێر ئەم ناوە پارتەکەیان خستووەتە ژێردەستی دزەکان. جەهەپە بە تەنیا موڵکی ئەو دزانە نییە کە وشتر بە بارەوە دەدزن، بەڵکو بووەتە دەستکەلای رێکخراوە چەپە ستەمکارەکان. 
 
سەرۆکی ئاکپارتی رەخنەی تووندتری گرت و رایگەیاند، جەهەپە نەک تەنیا سەتان هەزار گەنجی ئەم وڵاتەیان لە مافەکانیان بێبەش کردووە، بەڵکو کەسانێک بە بڕوانامەی ساختە و بێویژدان و پاشخانی گەنیو بەڕێوەیان دەبات. لە راست و چەپەوە هێندەی باڵایان دۆلار و یۆرۆ دەدزن و کۆی دەکەنەوە. گەندەڵییەکانیان لە ئاستی سەتان ملیار لیرە و بگرە زیاتریشە، بەڵام سەرۆکی جەهەپە و هاوبەشەکانی بێدەنگییان نواندووە. لە بەرامبەر میلـلەت بوێری ئەوە ناکات تۆمەتەکانی گەندەڵی، دزی، تاڵان و بەرتیل رەتبکاتەوە، تەنانەت ناتوانێت بڵێت نە من، نە هاوڕێکانم پارەی حەرام نەچووەتە باخەڵمان. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە