خۆپیشاندانەکان دەبنە مەترسی بۆ دەسەڵاتی ئەردۆگان؟

2025-03-23  352 جار خوێنراوەتەوە

شەپۆلی فراوانی ناڕەزایەتی دانیشتوانی تورکیا بەرانبەر بە سیاسەتەکانی ئەردۆگان بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانی بەردەوامە و توندوتیژی زۆرینەی شارەکانی ئەو وڵاتەی گرتوەتەوە.

ناڕەزایەتییەکان بەهۆی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ دەستیان پێکردووە و هاوشێوەی شۆڕشێکی گەورە زۆرینەی شارەکانی جوڵاندووە.

بە گوێرەی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە دەردەکەوێت هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی توندوتیژی بڵاوە بەخۆپیشاندەران دەکەن و ناو بەناو دەستگیریان دەکەن.

ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ و کاندیدی گریمانەکراوی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکان و لایەنگرێکی زۆری لەخۆی کۆکردووەتەوە.

ئەردۆگان و پارتی دادوگەشە ترسێکی گەورەیان لە کاندیدبوونی ئەکرەم ئیمام ئوغلو هەیە و ئەوەش وایکردووە دۆسیەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی لە دژ بکەنەوە.

دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە ناو بە ناو هێڵەکانی ئینتەرنێت دەپچڕێنن و تۆڕە کۆمەلایەتییەکان سنووردار دەکەن، ئەو دەزگا میدیایانەی روماڵی خۆپیشاندان و پەیامەکانی ئیمام ئۆغلۆ دەکەن رووبەڕووی سزادانیان دەکەنەوە.

ئەردۆگان ئامانجی ئەوەیە بە هەر نرخێک بێت خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی کردنی تورکیا بۆ خۆی مسۆگەر بکاتەوە.

هاوشێوەی پوتینی سەرۆکی رووسیا نەیارەکانی لەسەر ساحەی سیاسی وڵات دوور دەخاتەوە و لە زیندان توندیان دەکات.

پێشتر لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدابوو کە تاکە سەرکردە لە جیهاندا تا ئێستا لە دەسەڵات مابێتەوە خۆی  و پوتینی سەرۆکی رووسیان.

ئەم هەنگاوەی ئەردۆگان بەرانبەر بە جەهەپە دوای دەستکردنەوە بە پڕۆسەی ئاشتی لە باکوری کوردستان هات.

دەستکردنەوە بە پڕۆسەکە کوردەکانی بەرانبەر بەم سیاسەتەی ئەردۆگان بێدەنگ کردووە، لە میدیا و لە شەقام بەشداری لەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە ناکەن.

گومان دەکرێت، ئەردۆگان ئامانجی لە دەستکردنەوە بە پرۆسەی ئاشتی بێدەنگی کردنی کورد بێت بەرانبەر بە لەناوبردنی نەیارەکانی، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە دوای سەرگرتنی پلانەکەی بەرانبەر بە جەهەپە هاوشێوەی رابردوو پرۆسەی ئاشتی تێک بداتەوە.

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان بەردەوام روو لە زیادبوون دەکەن بەڵام هێشتا زووە بۆ ئەوەی پێشبینی ئەوە بکرێت ناڕەزایەتییەکان بۆ شۆڕشێکی گەورە بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتەکەی ئەردۆگان بگۆڕدرێن.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە