عێراق بڕیاری ناردنی نەوتی سپی ماڵانی بۆ هەرێمی کوردستان دا
55 خولەک پێش ئێستا
194 جار خوێنراوەتەوە
حکوومەتی عێراق بڕیاری دا پشکی هەرێمی کوردستان لە نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بنێردرێت و وەزیری نەوتیش فەرمانی بۆ خێراکردنی رێکارەکان دەرکرد.
وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری دا نەوتی سپی ماڵان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، باسم محەممەد خوزەیر، وەزیری نەوتی عێراق، فەرمانی بە کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان کردووە، تاوەکو پەلە بکەن لە گرتنەبەری رێکارە پێویستەکان بۆ ئامادەکردن و ناردنی پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و دابەزینی پلەکانی گەرما، خواست لەسەر نەوتی سپی بۆ مەبەستی گەرمکردنەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکاندا.
لە ساڵانی رابردوودا بەردەوام کێشە لە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمە نەوتییەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە هەبووە، بەڵام لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، حکوومەتی عێراق ساڵانە بڕێک نەوتی سپی بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات.
ئەم هەنگاوە یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ خێزانەکان، بەو پێیەی نرخی نەوتی بازرگانی لە بازاڕەکاندا بەرزە و بەشێک لە هاووڵاتییان توانای کڕینیان نییە، پڕۆسەی دابەشکردنی ئەو نەوتەش بەپێی پسوولە و لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.
|