"بودجە نەخرێتە دەنگدانەوە تا مافە دەستوورییەکانی هەرێم مسۆگەر دەکرێن"

1     کاتژمێر پێش ئێستا  188 جار خوێنراوەتەوە

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە فەرمی ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ بڕگە و خشتەکانی ڕەشنووسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2027 ڕاگەیاند، هاوکات داوای کرد پشکی هەرێم لەسەر بنەمای 14.14٪ بەپێی سەرژمێریی گشتی جێگیر بکرێت.

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی ئاساییی خۆیدا بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، ئەنجامی دانوستاندنەکانی شاندی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵ لەسەر ماددەی 10 و دۆسیەکانی نەوت و وزە تاوتوێ کراون.

ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوی ئەنجومەنی وەزیران:

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ی تشرینی یەکەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجامی دوا کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزارەتی داراییی فیدراڵدا، سەبارەت بە بڕگەی (10)ی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 خستەڕوو.

هەروەها وتووێژ لەبارەی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ بۆ کاروباری وزە و بەشداریی وەزیرانی نەوت و کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان، هاوکات ئەنجامی گفتوگۆکانیان سەبارەت بە پرسەکانی نەوت و وزە لە چوارچێوەی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵدا کرا.

دوای وتووێژ و تاوتوێکردنی ئەنجامی کۆبوونەوەکان، ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵییە و ماف، دەسەڵات و شایستە داراییەکانی بە دەستوور پارێزراون؛ بۆیە پێویستە بودجەی گشتیی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، دادپەروەری و هاوبەشیی ڕاستەقینە ئامادە بکرێت، نەک بە بڕیار و ڕێکاری تاکلایەنانەی حکومەتی فیدراڵ.

ئەنجوومەنی وەزیران پێداگریی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای ڕێژەی 14.14%ی دانیشتووان و بەپێی ئەنجامی دوا سەرژمێریی گشتی دیاری بکرێت و هەموو ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم مسۆگەر بکرێن.

ئەنجوومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە نادەستووریبوون و نادروستیی ئەو بڕگە و خشتانەی ڕەشنووسی بودجەی ساڵی 2027 کە لەلایەن وەزارەتی داراییی فیدراڵییەوە ئامادە کراون و ماف و شایستەکانی هەرێم پێشێل دەکەن ڕوون بکاتەوە، هەروەها لەگەڵ پێشنیازە جێگرەوەکانی هەرێم و هەموو بەڵگە دەستووری، یاسایی و دارایییەکاندا، بیانخاتە بەردەم دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و لایەنە ڕامیارییە پێکهێنەرەکانی کابینەی فیدراڵ بۆ پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی ڕەشنووسەکە.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان داوا لە ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات، ڕێگە نەدات ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بە شێوەی ئێستای بخرێتە بەر گفتوگۆ و دەنگدان، پێش ئەوەی پێداچوونەوەی ورد و پێویستی بۆ بکرێت و ماف و شایستە دەستووری و دارایییەکانی هەرێمی تێدا مسۆگەر بکرێن.

ئەنجوومەنی وەزیران پێداگری دەکات کە هەرێمی کوردستان چاوەڕوانە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027، لە سەردەمی کابینەی حکومەتی فیدراڵدا بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، ببێتە دەرفەتێک بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی و دەستووری بۆ کێشە دارایییە یەکلانەکراوەکانی نێوان هەردوو حکوومەت، نەک لەجیاتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ساڵانی ڕابردوو، هەمان گیروگرفت و ناکۆکی لە ساڵی داهاتووشدا دووبارە ببنەوە.

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی هەموو ئەرکە دەستووری و یاسایییەکانی، بەڵام هاوکات پێداگرە لەسەر دەستەبەرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێم و هاووڵاتییانی و دەستبەرداری ئەو مافانە نابێت.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران پێداگریی کردەوە کە حکومەتی هەرێم بە ڕوونی و ئاشکرایی هەموو زانیاری و داتا پێوەندیدارەکانی خستووەتە بەردەستی حکوومەتی فیدراڵ و بەردەوام لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەکانی هەردوو حکوومەتەوە، وردبینی و پێداچوونەوەی هاوبەشی مانگانە و وەرزی دەکرێت؛ بۆیە ناکرێت پشت بە زانیاری و بانگەشەی بێبنەما و بێبەڵگە ببەسترێت و بڕیار و مەرجی تاکلایەنانە لە بودجەدا بسەپێنرێت.

لە کۆتاییدا، ئەنجوومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ شاندی دانوستانکار دووپات کردەوە و پێداگریی لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا کردەوە، بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە کە مافە دەستووری و شایستە دارایییەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و بنەماکانی هاوبەشیی فیدراڵی پتەوتر بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە