قەرزی ناوخۆیی عێراق زیاد بووە و 113 ترلیۆن دیناری تێپەڕاند

1     کاتژمێر پێش ئێستا  164 جار خوێنراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوی کردەوە، قەرزی ناوخۆییی وڵات تا کۆتایی مانگی ئابی 2026 گەیشتووەتە 113.485 ترلیۆن دینار, ئەمەش بەراورد بە کۆتایی مانگی تەمووز کە 109.516 ترلیۆن دینار بووە، بڕی 3.969 ترلیۆن دینار زیادبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵدا رێژەی قەرزکردن زۆر زیادی کردووە، بە جۆرێک کە قەرزەکە بەراورد بە کۆتایی ساڵی 2025 (کە 90.515 ترلیۆن دینار بووە) نزیکەی 22.97 ترلیۆن دینار زیادی کردووە، بەمەش ڕێژەی گەشەکردنەکە گەیشتووەتە 25.4%.

پێکهاتەکانی قەرزی ناوخۆیی تا کۆتایی ئاب بەم شێوەیە بوون.

داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی بۆ بانکی ناوەندی: گەیشتووەتە 76.499 ترلیۆن دینار، لەکاتێکدا لە کۆتایی تەممووزدا 72.499 ترلیۆن دینار بووە.
قەرزەکان: 18.945 ترلیۆن دینار.
گرێبەستەکان: 9.330 ترلیۆن دینار.
پسوولەکانی گەنجینە: 8.711 ترلیۆن دینار.

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی تشرینی یەکەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، یەدەگی دراوی بیانی لە کۆتایی مانگی ئابی 2026دا گەیشتووەتە 81.538 ملیار دۆلار (کە یەکسانە بە 105.999 تریلیۆن دینار)، بەمەش بەراورد بەکۆتایی مانگی تەممووز کە 80.633 ملیار دۆلار (104.823 تریلیۆن دینار) بووە، بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئەو داتایانەی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، یەدەگی دراوی بیانی تەنیا لە ماوەی مانگی ئابدا بڕی 905 ملیۆن دۆلار (یەکسان بە 1.176 تریلیۆن دینار) زیادی کردووە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە