مەسرور بارزانی: بایکۆتکردنی پەرلەمان راکردنە لە بەرپرسیارێتی
56 خولەک پێش ئێستا
12 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی دەڵێت بایکۆتکردنی پەرلەمان بێ وەفاییە بەرامبەر بە دەنگی خەڵک و ڕاکردنە لەبەرپرسیارێتیی..
مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان لەبارەی پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، رەخنەی لە بایکۆتکردنی دانیشتنەکان گرت و وەک "راکردن لە بەرپرسیارێتی" وەسفی کرد.
وتیشی "ئێمە ئامادەین پەرلەمان کارا بکرێتەوە، ئەمە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی هەموو، بەتایبەتی ئەندامەکانی پەرلەمانە کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون. حەقە وەفایان بەرامبەر بەو دەنگانە هەبێت و ئامادەبن لە پەرلەمان."
ڕاشیگەیاند "ئەگەر بیانەوێ لەوێ باسی پرۆژەی سیاسیش بکەن، دەکرێ لە پەرلەمان ئەو گتوگۆیانە بکرێن. بەڵام بایکۆتکردنی پەرلەمان بەڕاستی راکردنە لە بەرپرسیارێتی، بێ وەفاییە بەرامبەر بە دەنگی خەڵکی کوردستان."
مەسرور بارزانی هیوای خواست پەرلەمانتاران بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان و وتی "هیوادارم هەموو پەرلەمانتارێک لە ئاستی بەرپرسیارێتی خۆی بێ، پەرلەمان کارا بکەنەوە. وە ئێمە چاوەڕێی ئەوەین کە ئەو بەڕێزانە جارێکی تر بگەڕێنەوە پەرلەمان و یەکەم هەنگاویش بێ بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و هیوادارین بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی کوردستانیش."
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، مەسرور بارزانی ئامادەیی حزبەکەی دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا، ئەوان چاوەڕوانی لایەنی بەرامبەرن.
ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە چاوەڕێ بووین کۆبوونەوەیەک بکرێ بەڵام بەهەندێ هۆکار دواخراوە و با بزانین، ئێمە چاوەڕێین هەر کاتێک ئەوان ئامادەبوون ئێمە ئامادەین لە هەر کاتێکدا ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام بدەین."
|