عەلی زەیدی: عێراق بەدەست لێکەوتە ئابوورییەکانی ململانێی ناوچەکەوە دەناڵێنێ

1     کاتژمێر پێش ئێستا  100 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دەستپێکی گەڕی 52ــی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی لە بەغدا پڕۆژەیەکی بۆ بەستنەوەی تۆڕەکانی وزە، هێڵی ئاسن و گەیاندنی دیجیتاڵی لەنێوان وڵاتانی ئیسلامیدا خستەڕوو؛ ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق بەدەست لێکەوتە ئابوورییەکانی ململانێی ناوچەکەوە دەناڵێنێ.

عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە وتارەکەیدا بەخێرهاتنی شاندەکانی بۆ بەغدا کرد و رایگەیاند: "جیهانی ئیسلامی رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بووەتەوە کە پێویستی بە هاوئاهەنگیی زیاترە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گەلان و دابینکردنی داهاتوویەکی گەش بۆ نەوەکانی داهاتوو".

عەلی زەیدی دەسپێشخەرییەکی عێراقی پێشکەش بە وڵاتانی ئەندام کرد، کە ئامانج لێی دروستکردنی بەستنەوەیەکی گشتگیرە لەنێوان تۆڕەکانی وزە، هێڵی ئاسن و ئامرازەکانی گواستنەوە و گەیاندنی دیجیتاڵی و گوتیشی: "ئامانجمان پەرەپێدانی سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و پلاتفۆرمە بازرگانییەکان و دروستکردنی تەواوکارییە لەنێوان ناوچە پیشەسازییەکان، تاوەکو بتوانین پێکەوە رووبەڕووی قەیرانەکان ببینەوە."

سەرۆکوەزیرانی عێراق وتیشی: "هەڵوێستی عێراق بەرامبەر پرسی فەلەستین جێگیرە" و گوتیشی: "دادپەروەری بۆ گەلی فەلەستین بنەمای سەرەکیی ئاسایش و سەقامگیرییە". 

هەروەها وتی: "عێراق هێشتا بەدەست لێکەوتە ئابوورییەکانی ململانێکانی ناوچەکەوە دەناڵێنێت".

زەیدی داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کرد کە هەڵوێستێکی یەکگرتوویان بەرامبەر وتاری رق و کینە هەبێت و هاوکاری ستەملێکراوان بن و گوتی، عێراقییەکان لەم پێناوەدا درێخی ناکەن. هەروەها سوپاسی وڵاتانی نێوەندگیری کرد بۆ هەوڵەکانیان لەپێناو هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە