مەترسییەکی دیکەی کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم ئاشکرابوو
1 کاتژمێر پێش ئێستا
39 جار خوێنراوەتەوە
کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم، تەنها کەمکردنەوەی پارە و مووچە و بەشە بودجە نییە، بەڵکو مەترسییەکە لە بودجە زۆر گەورەترە!
ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم کاریگەری لەسەر کورسیەکانی پەرلەمانی عێراق دەکات و دەتواندرێ نوێنەرایەکی هەرێم کەم بکاتەوە.
دەقی نوسینەکەی ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم
کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم کاریگەریی لەسەر نوێنەرایەتیی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق..
کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە ١٤.١٤٪ بۆ ١٢.٧٪، تەنها پرسێکی دارایی نییە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نوێنەرایەتیی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەبێت.
ماددەی (٤٩/یەکەم)ی دەستووری عێراق دەڵێت:
«يتكون مجلس النواب من عدد من الأعضاء بنسبة مقعد واحد لكل مائة ألف نسمة من نفوس العراق…»
واتە ژمارەی دانیشتوان بنەمایەکی دەستوورییە بۆ دیاریکردنی نوێنەرایەتیی پەرلەمانی.
بۆ نموونە، ئەگەر ٣٢٩ کورسیی ئەنجومەنی نوێنەران بەپێی ڕێژەی دانیشتوان دابەش بکرێت:
* بە ڕێژەی ١٤.١٤٪، بەشی هەرێم نزیکەی ٤٧ کورسی دەبێت.
* بە ڕێژەی ١٢.٧٪، بەشی هەرێم دەبێتە نزیکەی ٤٢ کورسی.
واتە ئەگەری لەدەستدانی نزیکەی پێنج کورسیی پەرلەمانی!
ئەمە تەنها گریمانەیەکی ژمێریارییە، نەک بڕیارێکی یاسایی بۆ کەمکردنەوەی کورسییەکان؛ بەڵام نیشاندەری ئەو مەترسییە دەستووری و سیاسییەیە کە کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی هەرێم دەتوانێت لە داهاتوودا دروستی بکات.
بۆیە پاراستنی ڕێژەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی هەرێم، تەنها پاراستنی بەشە بودجە نییە، بەڵکو پاراستنی دەنگ و نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستانە لە دامەزراوە دەستوورییەکانی عێراقدا.
|