لە عێراق کڕینی سیمکارتی موبایل سنووردار دەکرێت
46 خولەک پێش ئێستا
29 جار خوێنراوەتەوە
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق سیستەمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردنی سیمکارت پەسەند دەکات تێیدا کڕینی هێڵەکانی مۆبایل بە وێنەی ڕاستەوخۆی دەموچاو و کارتی نیشتمانییەوە دەبەستێتەوە، هاوکات سزای دارایی قورس بەسەر کۆمپانیا سەرپێچیکارەکاندا دەسەپێنێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق، بەلیغ ئەبو گەلەل، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردنی دەستەکە ڕایگەیاندووە، ئەم ڕێنمایییە نوێیە بۆ مۆدێرنکردنی کڕین و فرۆشتنی سیمکارتە لە عێراق و کۆتاییهێنانە بە ساختەکاری و بەکارهێنانی هێڵەکان بە ناوی کەسانی دیکەوە.
لە سیستەمە نوێیەکەدا لە کاتی کڕینی هەر هێڵێکدا زانیارییەکانی کارتی نیشتمانی یان پاسپۆرت بە ئامێری ئەلیکترۆنی دەخوێندرێنەوە و وێنەیەکی ڕاستەوخۆی دەموچاوی کڕیار دەگیرێت تا لەگەڵ بەڵگەنامە فەرمییەکان بەراورد بکرێت؛ هەروەها کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن ناچار دەکرێن داتای بەشداربووان لەناو بەغدا بپارێزن و بەرپرسیاری هەر دزەپێکردنێکی زانیارییەکان دەبن.
سەبارەت بە ژمارەی هێڵەکانیش بۆ هەر کەسێک، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکردنی دەستەکە ئاماژەی بەوە کرد، هەر هاووڵاتییەکی عێراقی تەنیا بۆی هەیە حەوت سیمکارتی پەیوەندی و حەوت سیمکارتی هێڵی ئینتەرنێت (داتا) بە ناوی خۆیەوە بکات؛ هاوکات 720 ڕۆژ مۆڵەت دەدرێتە کۆمپانیاکان تاوەکو سەرجەم بەشداربووانی ئێستایان بەپێی ئەم سیستەمە ئەلیکترۆنییە نوێ بکەنەوە.
بۆ هەر سیمکارتێکی سەرپێچیکار بڕی سێ ملیۆن دینار سزای دارایی بەسەر کۆمپانیاکانی پەیوەندیدا دەسەپێنرێت، بڕیارەکەش دوای 90 ڕۆژ لە بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕی فەرمیی دەستەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
|