لە چوار ساڵدا 21 كەس لە هەرێمی كوردستان بە هەورەبرووسکە گیانیان لەدەست داوە
1 کاتژمێر پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
ئامارە فەرمییەکان ئاشکرای دەکەن لە ماوەی نێوان ساڵانی 2023 تاوەکو 2026، بەهۆی هەورەبرووسکەوە 50 هاووڵاتی بوونەتە قوربانی کە 21ـیان گیانیان لەدەستداوە و 29 کەسیش بریندار بوون، هاوکات ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات کۆمەڵێک ڕێنمایی گرنگی خۆپاراستن ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات.
بەپێی ئاماری فەرمی لەبارەی زیانە گیانییەکانی هەورەبرووسکە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان، زۆرترین قوربانی لە ساڵی 2026 تۆمار کراوە کە 11 كەس گیانیان لەدەست داوە و 17 كەسیش بریندار بوون، لە ساڵی 2024دا شەش کەس گیانیان لەدەست داوە و 10 کەس بریندار بوون، هەروەها لە ساڵی 2023دا سێ گیانلەدەستدان و دوو بریندار، و لە ساڵی 2025یشدا یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمار کراوە.
لەسەر ئاستی پارێزگاکان و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان ژمارەی قوربانیانی هەورە بروسکە بەم شێوەیە:
پارێزگای هەولێر: بە 14 بریندار و سێ گیانلەدەستدان لە پلەی یەکەمدایە.
ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: سێ گیانلەدەستدان و شەش بریندار.
پارێزگای سلێمانی: پێنج گیانلەدەستدان و سێ بریندار.
پارێزگای دهۆک: پێنج گیانلەدەستدان و سێ بریندار.
پارێزگای کەرکووک: سێ گیانلەدەستدان.
ئیدارەی گەرمیان: یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان.
پارێزگای هەڵەبجە: هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە.
ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات لە ڕێنماییەکدا داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی هەورەبرووسکەدا دەستبەجێ مۆبایلەکانیان دابخەن، لە شوێنی بەرز، ژێر درەخت، ستوونی کارەبا و تاوەرەکانی پەیوەندی دوور بکەونەوە.
هەروەها جەخت کراوەتەوە هاووڵاتییان لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان، شوێنە کراوەکان، کەناراو و ڕووبارەکان، و کەرەستە ئاسنین و کانزاییەکان دوور بکەونەوە و لە دەرەوەی ماڵ ئامێری کارەبایی بەکار نەهێنن، هاوکات ئامۆژگاریی شۆفێران دەکرێت لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا بمێننەوە بەهۆی ئەوەی پەیکەری ئۆتۆمبێل تا ڕادەیەک دەیانپارێزێت، بەڵام پێویستە خێرایی کەم بکەنەوە و لە کاتی هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بکەن.
|