محەممەد سەمعان ئاغا: تورکمانێک پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەردەگرێتەوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  46 جار خوێنراوەتەوە

محەممەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق کە لە حکومەتی عێراقدا پۆستی وەزیری دەوڵەتی وەرگرت، رایگەیاند، تورکمانێک پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەردەگرێتەوە.

دوای ئەوەی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکەمین جارە لە عێراقدا پۆستی وەزارەت بە کەسێکی بەرەی تورکمانی دەردرێ، محەممەد سەمعان ئاغا رایگەیاند، لە قۆناغی نوێدا نەوەک تەنیا دەنگی تورکمانەکان دەبن، بەڵکو دەبنە دەنگی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و سیاسییەکانی عێراق، هاوکات رۆڵ لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و تورکیادا دەگێڕن.

ئاغا ئاماژەی بەوە کرد، پرۆسەی پێدانی پۆستی وەزیری دەوڵەت بە تورکمانەکان بە پێشنیازی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە و گوتیشی:" ئەگەر پشتگیری و دەنگی نەتەوەی تورکمان نەبووایە، نەماندەتوانی ئەمە بەدەستبهێنین. پیرۆزبایی لە تەواوی نەتەوەی تورکمان دەکەم و چاویان رۆشن".

محەممەد سەمعان ئاغا راشیگەیاند:"بەڵێنمان دابوو پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرین کە 100 ساڵ بوو بەدەستمان نەهێنابوو، ئەوەبوو بە شێوازی دەستاودەستکردن پۆستی پارێزگارمان بۆ تورکمان وەرگرت. ئەمڕۆش بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هێشتا ماوەیەکمان ماوە. نزیکەی 14 مانگ بۆ هەڵبژاردن ماوە. چەند مانگێک پۆستەکە لای ئێمە دەبێت، نزیکەی 10 بۆ 11 مانگیش بە عەرەبەکان دەدرێ. هەربۆیە ئێمە لە ئێستاوە دەستمان بە هەنگاوەکانمان کردووە. لە چەند مانگی داهاتوودا پشتیوان بەخوا ئەنجوومەنی کەرکووک کۆدەبێتەوە و برایەکی تورکمانمان لەوێ درێژە بە پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەدات". 

محەممەد سەمعان ئاغا سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕن و وتی:"نوێنەرایەتیکردنی تورکمان و بەرەی تورکمانیی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیراندا گرنگییەکی زۆری هەیە. پەیاممان بۆ گەلەکەمان ئەوەیە: ئەم وەزارەتە تەنیا وەزارەتی بەرەی تورکمانیی عێراق نییە، بەڵکو وەزارەتی هەموو تورکمانەکانە. تەنیا نوێنەرایەتیی بەرەی تورکمانی ناکەین، بەڵکو نوێنەرایەتیی تەواوی پارتە سیاسییەکانی تورکمان و ناوچەی تورکمانەکان دەکەین. هاوکات کار بۆ خزمەتکردنی تەواوی گەلی عێراق دەکەین."

محەممەد سەمعان ئاغا ئاماژەی بەوە کرد کە وەک وەزیرێکی تورکمانی عێراق، نوێنەرایەتیی عەرەب و کوردیش دەکات و بەشداری لە پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراقیشدا دەکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە