حکومەتی دیمەشق داوای داعشە سورییەکان لە عێراق دەکاتەوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  32 جار خوێنراوەتەوە

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرای دەکات، حکومەتی عێراق داواکاریی سووریای بۆ گەڕانەوەی ئەو داعشانە ڕەت کردووەتەوە، کە خەڵکی سووریان و لە عێراق بە تۆمەتی داعش بوون دەستگیر کراون.

قاسم عەبوودی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند: بۆچوونی فەرمیی عێراق ڕەتکردنەوەی داواکارییەکی دیمەشقە، بۆ گەڕاندنەوەی نزیکەی چوار هەزار سووری کە تۆمەتبارن بە ئەندامبوون لە ڕێکخراوی داعش.

قاسم عەبودی وتیشی عێراق جەخت دەکاتەوە، هەر کەسێک تاوانبار بێت بە ئەنجامدانی تاوان لەسەر خاکی عێراق، بەپێی یاسای عێراقی دادگایی دەکرێت، لەگەڵ ئەگەری گواستنەوەی هەندێک لە سزادراوان لە داهاتوودا بۆ تەواوکردنی ماوەی سزاکەیان لە وڵاتەکەی خۆیان.

میدیا عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە نێوان ئەو سووریانەی لە عێراق ماونەتەوە، نزیکەی 400 سەرکردەی ڕێکخراوی داعش هەن.

جگە لەو سەدان دەستگیرکراوەی لە خاكی عێراق دەستگیر کراون و هەڵگری ناسنامەی وڵاتانی جیاوازن، لەم دوایەش، دوای پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات 'هەسەدە'، زیاتر لە پێنچ هەزار و 700 زیندانیی داعش لە سووریا کە لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بوون، بە چاودێریی ئەمریکا گواسترانەوە بۆ عێراق.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە