دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکە چی لێهات؟

1     کاتژمێر پێش ئێستا  28 جار خوێنراوەتەوە

تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی، ئەمڕۆ پێنجشەمە بڵاویانکردەوە لە پێنجەمین دانیشتنی دادگای تاوانەكانی 2ی سلێمانی، لاهور شێخ جەنگی و هاوڕێیانی هەمو تۆمەتەكانیان ڕەت كردەوە. پارێزەرەكە ئاماژەی بەوە كرد كە بونی هێز بۆ پاراستنی مالی مام جەلال و هێرۆ خان بوە نەك بۆ كوشتنی بافڵ تاڵەبانی.

دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی لاهور شێخ جەنگی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگا، ڕێبوار حامی حاجی غالی، پۆڵاد شێخ جەنگی و لاهور شێخ جەنگی ئامادە بون. پارێزەرەكە ڕونی كردەوە كە ڕێبوار ڕایگەیاندوە تەنها مەبەستیان پاراستنی ماڵی مام جەلال و هێرۆ خان بوە چونكە پێیان وابوە كودەتایەك لە سەر یەكێتی هەیە.

جەختیكردوەتەوە لاهور شێخ جەنگی هیچ فەرمانێكی بۆ كوشتنی بافڵ تاڵەبانی پێنەداون. پۆڵاد شێخ جەنگی لە بەردەم دادوەردا وتویەتی، "كوردی نازانێت و ئەو وتانەی لێی وەرگیراون لە ژێر كاریگەریی برینداری و حەبی بێهۆشكەردا بون، هەروەها ڕێگەیان پێنەداوە پارێزەری هەبێت".

لاهور شێخ جەنگی لە ناو هۆڵی دادگا هەمو ئەو وتانەی كە لە دۆسیەكەدا بۆی نوسراون ڕەتكردونەتەوە. ئەو ئاماژەی بەوەكردوە ئەگەر مەبەستی كوشتنی بافڵ تاڵەبانی بوایە، دەیتوانی لە بەردەم ماڵی خۆیان ئەو كارە بكات چونكە چەندین جار بافڵ تاڵەبانی بە ئاشكرا هاتوەتە ئەوێ، بەڵام مەبەستی كوشتنی هیچ كەسێك نەبوە.

لاهور شێخ جەنگی جەختیكردوەتەوە ئەو هێزەی كۆكراوەتەوە تەنها بۆ پاراستنی خۆی و ماڵی مام جەلال بوە چونكە هەڕەشەیان لە سەر بوە. سەبارەت بە سەروەریی دادگاش، لاهور شێخ جەنگی وتی كە پێنج جار ئامادەی بەردەم دادوەر بوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە ڕێز لە یاسا دەگرێت، بەڵام قەناعەتی نییە دادوەرەكان بتوانن ئەم كەیسە لە ڕوی یاساییەوە چارەسەر بكەن.

هاوکات ڕێبوار حامید حاجی غالی كە كەسایەتییەكی سەربازیی نزیك بو لە لاهور شێخ جەنگی، وردەكارییەكانی پیلانێكی كوشتنی  بافڵ تاڵەبانی ئاشكرا كرد.

ئەو وتی كاتێك چوە بۆ شوقەیەكی سیتی تاوەرز، ڕێبوار قودرەتی بینیوە و شوقەكەش پەنجەرەی پێوە نەماوە و تەنها پلاستیكێكی پێوە بوە. كاتێك پرسیاری لێ كردوە چی دەكەی، ڕێبوار قودرەت وتویەتی كە بافڵ تاڵەبانی دەكوژێت، وتم چۆن شتی وا دەكەی، ڕێبوار حامید ئاماژەی بەوەشكرد دەستكاریی دوربینی قەناسەكەی ڕێبوار قودرەتی كردوە تاوەكو ئامانجەكەی نەپێكێت.

هەر لە وتەكانیدا، ڕێبوار حامید جەختی كردوەتەوە لاهور شێخ جەنگی داوای لێ نەكردووە بافڵ تاڵەبانی بكوژێت، بەڵكو تەنها پێیوتوە بچێتە ناو ئەو شوقەیەوە تاوەكو بزانێت چی لەوێ دەگوزەرێت. ئەو ئاماژەی بەوەشكرد كە دەستكاریكردنی دوربینەكە هۆكارێك بوە بۆ ئەوەی بافڵ تاڵەبانی نەكوژرێت، بەڵام وتیشی "خوداش نەیكوشت". ئەم دانپێدانانە لە یەكەمین ڕۆژی وەرگرتنی وتەكانی ئەو تۆمەتبارانەدا لە بەردەم دادوەر تۆماركراون و وەك پێشهاتێكی نوێ دەبینرێت.

ڕۆژی 22ی (ئاب/8)ی 2025 هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی چونە سەر بارەگای بەرەی گەل (هۆتێل لالەزار) و ماڵی لاهور شێخ جەنگی لە سلێمانی و ئەوکات داوای لێکرا خۆی رادەستبکات، چونکە فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە بەڵام ڕوبەڕوبونەوە رویداو و دواتر لاهور شێخ جەنگی و کەسە نزیکەکانی دەستگیرکران.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە