بە بەشداری کەسایەتیە سیاسی و ئابوورییەکان؛ لوتکەی سلێمانی کارەکانی دەستپێکرد

58   خولەک پێش ئێستا  22 جار خوێنراوەتەوە

لەژێر دروشمی (ئاراستەكردنی سەرمایە بەرەو گەشەی بەردەوامی خانووبەرەو پیشەسازی)، لوتكەی سلێمانی 2026،  كە لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی رێكخراوە، لە شاری سلێمانی دەستیپێكرد.

ئەمڕۆ 17ی 9ی 2026، بەئامادەبوونی نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە وەزیران، سەرۆكی دەستەكانی وەبەرهێنان، لێژنەكانی پەرلەمان، و نوخبەیەكی باڵا لە سەركردەكانی كەرتی بانكی، خاوەنكاران و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، لوتكەی سلێمانی 2026، لەژێر دروشمی (ئاراستەكردنی سەرمایە بەرەو گەشەی بەردەوامی خانووبەرەو پیشەسازی)، لەلایەن دامەزراوەی ڤیژن بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیجی و بە پاڵپشتی میدیایی دەزگای میدیایی كوردسات، لە هۆتیل گراند میلینیوم لە شاری سلێمانی دەستیپێكردو بڕیارە دوو رۆژ بەردەوام بێت و چەندین پانێڵی تێدا پێشكەش بكرێت.

نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، وێڕای بەخێرهاتنی ئامادەبووان،  وتارێكی پێشكەش كردو رایگەیاند: ئەم لوتكەیە زۆر گرنگە بۆ یارمەتیدانی بەرپرسان و شارەزایان لە پێناو بڕیاردانی پێویست بۆ پەرەپێدانی ئابووری وڵات، هاوكات هاوكاریی كردنی هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت و رێكخراوەكان بۆ نەخشەكێشان و داڕشتنی سیاسەتە دارایی و ئابوورییەكان زۆر گرنگە بۆ بەهێزكردنی سەقامگیریی دارایی و ئابووری، بەتایبەت لەم دۆخەی كە عیراق و ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، كە كاركردنی هاوبەش پێویستییەكی زۆر گرنگە بۆ تێپەڕاندنی كاریگەریی گرژییەكانی ناوچەكە.

راشیگەیاند: ئێمە پشتگیری لەو هەوڵە یاساییانە دەكەین كە دەسەڵات بە كەرتی تایبەتی دەبەشن، تاوەكو رۆڵێكی گەورەتر لە جێبەجێكردنی پڕۆژە ستراتیژییەكاندا بگێڕن، لەگەڵ هەوڵەكانی دەوڵەت بۆ هاوكاری لەگەڵ كەرتی تایبەت و هەمەڕەنگ كردنی چالاكییە ئابوورییەكان و گۆڕینی توانا نیشتمانییەكان بۆ پڕۆژەی بەرهەمهێنەر، بە ئامانجی گەیشتن بە ئابوورییەكی هەمەجۆرترو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاووڵاتیان و رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان.

سەرۆكی كۆماری عیراق ئەوەشی خستەڕوو: بەبێ تەواوكارییەكی ئابووری و كۆمەڵایەتی بەردەوام، سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی تەواو نابێت، چونكە وڵاتەكەمان بە دەست كاریگەریی ململانێ ئاڵۆزەكانی ناوچەكەوە دەناڵێنێت، بۆیە دەبێت كار بكەین لەپێناو پاراستن و جێگیركردنی سیاسەتی نیشتمانی و دوورخستنەوەی وڵات لە كاریگەریی ئەم گرژییانە.



 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە