مانگی داهاتوو تیروپشك بۆ ناوی حاجیانی هەرێم دەکرێت

2   کاتژمێر پێش ئێستا  53 جار خوێنراوەتەوە

زیاتر لە 120 هەزار هاووڵاتی ناویان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو تۆمار کردووە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەوانەی ناویان تۆمار کردووە ئاگاداری مۆبایلەکانیان بن، بە نامە لە کێشەکانی فۆرمەکەیان ئاگادار دەکرێنەوە.

کاروان ستوونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە میدیاکانی راگەیاند: "وردبینی لە ناوی ئەو کەسانە دەکرێت فۆرمی حەجیان پڕ کردووەتەوە، زۆرینەی ناوەکان وردبینییان بۆ کراوە و ئامادەن بۆ تیروپشک".

وتەبێژی حەج و عومرە وتی، ناوەکان زۆرن و وردبینی بەردەوامە. لەبارەی کاتی تیروپشکەوە ئاماژەی بەوە کرد: "دەکەوێتە مانگی داهاتوو و تاوەکو ناوەڕاستی مانگەکە تیروپشک دەکرێت".

کاروان ستوونی داوا لەو کەسانە دەکات کە فۆڕمیان پڕ کردووەتەوە ئاگاداری مۆبایلەکانیان بن، چونکە لە رێگەی کورتەنامەوە لە کەموکورتییەکان ئاگادار دەکرێنەوە و بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت و کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەوانەی ناویان تۆمارکردووە نامەیان بۆ ناچێتەوە، چونکە بەشێکیان کێشە لە فۆرمەکەیاندا نییە.

وتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەشکرد: "هەرکەس بە نامە ئاگادارکرایەوە ناوەکەی کێشەی تێدایە، پێویست ناکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی یان نووسینگەکانی حەج و عومرە بکات و دەتوانێت هەر لە رێگەی ئۆنڵاینەوە کەموکورتییەکان چاکبکات".

بەگشتی ئەم ساڵ 120 هەزار و 142 کەس ناویان تۆمارکردووە بچنە حەج. لەو ژمارەیە 116 هەزار و 693 کەسیان وەک هاووڵاتیی ئاسایی ناویان تۆمارکردووە؛ 602 مورشیدی ئایینی، 255 کۆمپانیا وەکو سەرقافڵە، 243 پزیشک و 2 هەزار و 340 کەسیش وەک کەسوکاری شەهیدان ناویان تۆمارکردووە.

بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، ئەمساڵ تیروپشک بۆ دوو ساڵ دەکرێت؛ حەجی ساڵی 2027 و 2028. هەروەها بڕیاردراوە بۆ حەجی ساڵی داهاتوو یەدەگەکانی ئەمساڵ کە ژمارەیان زیاتر لە 2 هەزار و 400 کەسە، ئەمساڵ دەرفەتیان پێبدرێت بچنە حەج.

بەگوێرەی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بۆ حەجی دوو ساڵی داهاتوو، "پشکی شێر بۆ بەتەمەنەکان دەبێت و وا دەکەین تەمەنی 45 بۆ 70 ساڵی زۆرترین ناوە دەرچووەکان بن. هیچ پێوەرێکیش بۆ تەمەن دیاری نەکراوە".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە