ئەلڤارێز بەردەوامە لە دروستکردنی مشتومڕ لەنێو ئاتلێتیکۆ مەدرید
1 کاتژمێر پێش ئێستا
34 جار خوێنراوەتەوە
بەشەکانی چیرۆکی جولیان ئەلڤارێزی هێرشنبەری ئاتلێتیکۆ مەدرید بەردەوامن، چونکە بۆ دووەم رۆژی لەسەریەک لە مەشقەکانی تیپەکەی دابڕا و بیانووەکەشی بۆ ئەمە بە 'نەخۆشی' هێناوەتەوە.
ئەلڤارێز دوێنێ چوارشەممە لە مەشقەکان ئامادە نەبوو، ئەوەش دوای دوو رۆژ لەو پشووەی کە یاریزانانی 'رۆخی بلانکۆس' دوای یارییەکان وەریانگرتبوو.
ئاتلێتیکۆ مەدرید وەرزی نوێی لالیگای بەسەرکەوتن بەسەر مالاگا بەئەنجامی 2-0 دەستپێکرد و دواتر لە یاریگای خۆیدا لەگەڵ ڤیاڕیال 2-2 یەکسان بوو.
لە یارییەکەی ڤیاڕیالدا، ئەلڤارێز لە خولەکی 66 وەک یاریزانی یەدەگ چووە نێو یاریگا، بەڵام لەلایەن هاندەرانی یانەکەیەوە بە فیکەی ناڕەزایەتی پێشوازی لێکرا.
دوورکەوتنەوەی ئەلڤارێز لە مەشقەکان، مشتومڕەکان لەسەر داهاتووی زیاد دەکات، کە بڕیارە لە یەکی ئەیلوولدا و ەاستەوخۆ دوای داخستنی بازاڕی گواستنەوەکان یەکلاببێتەوە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەم وەرزە لە کام یانە یاری دەکات.
ئەلڤارێز پێشتر لە کاتی بەشداریکردنی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2026، ئارەزووی خۆی بۆ جێهێشتنی ئاتلێتیکۆ مەدرید راگەیاندبوو، ئەمەش نیگەرانی و تووڕەیی یانە مەدریدییەکەی لێکەوتەوە.
بارسێلۆنا ئامانجی یەکەمی ئەم هێرشبەرە ئەرجەنتینییەیە و یانە کەتەلۆنییەکەش ئارەزوویەکی زۆری بۆ گرێبەستکردن لەگەڵیدا هەیە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئاتلێتیکۆ مەدرید هێشتا دەستی بە یاریزانەکەوە گرتووە و رەتیدەکاتەوە بیفرۆشێتە بلاوگرانا.
لەو بارەیەوە، رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاتی داخستنی بازاڕی هاوینە (کە تەنیا شەش رۆژی ماوە)، گرنگیدانی ئارسیناڵ بەو یاریزانە دەکرێت ببێتە چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەم تەنگژەیە.
ئێستا ئاتلێتیکۆ مەدرید خۆی بۆ سێیەم یاری لە لالیگا بەرامبەر سێڤییا ئامادە دەکات، کە رۆژی شەممەی داهاتوو لە یاریگای سانچێز پیزخوان ئەنجام دەدرێت، بەڵام بەهۆی دابڕانی لە مەشقەکان بۆ دوو رۆژی لەسەریەک، هێشتا بەشداریکردنی جولیان ئەلڤارێز لەو یارییەدا مسۆگەر نییە.
|