موراد قەرەیلان: ئەگەر رێبەر ئاپۆ لە زیندان بێت، ناتوانم بە کەس بڵێم چەک دابنێ

2   کاتژمێر پێش ئێستا  52 جار خوێنراوەتەوە

موراد قەرەیلان، ئەندامی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەل، رایگەیاند ئەوان خوازیارن لەگەڵ تورکیا بگەنە رێککەوتن و کۆتایی بە دوژمنایەتیی نێوانیان بهێنن. هاوکات رەخنە لەو یاسایە دەگرێت کە بۆ پرۆسەی چارەسەری دانراوە و دەڵێت: "لەنێو یاساکەدا وشەی 'کورد' نییە و باسی دیموکراسیش نەکراوە؛ ئەمە روانگەیەکی تەسکە و ناتوانێت کێشەیەکی 100 ساڵە چارەسەر بکات."

موراد قەرەیلان بەبۆنەی 42ـەمین ساڵیادی دەستپێکردنی خەباتی چەکداریی پەکەکە کە لە 15ـی ئابی 1984 دەستیپێکرد، پەیامێکی بڵاوکردەوە. تێیدا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە پرۆسەی چارەسەری و ئەو یاسا نوێیەی لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا، تاوتوێ کرد.

قەرەیلان رەخنەی لەوە گرت ناوی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەنێو یاساکەدا نییە و گوتی: "پێشتریش گوتوومە، ئەگەر رێبەر ئاپۆ لە زیندان بێت، من ناتوانم بە هیچ کەسێک بڵێم چەک دابنێ و بڕوات. ئێستاش لەسەر هەمان بڕوام. بەڵام ئەگەر رێبەر ئاپۆ بکەوێتە نێو پرۆسەکە و لەگەڵ هەڤاڵان کۆببێتەوە و قایلیان بکات، ئەو کاتە دەکرێت. ئامادەین خەبات و تێکۆشان لە مەیدانی چەک و شەڕەوە بگوازینەوە بۆ مەیدانی سیاسەت و یاسا."

لەبارەی "یاسای بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی" کە لە 10ـی ئابدا لە پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا، قەرەیلان دەڵێت: "ئەم یاسایە لە مێژووی کۆماردا هەنگاوێکی نوێ و بەهای خۆی هەیە، بەڵام هەڵە و کەموکوڕی زۆری تێدایە. پێش هەر شتێک، ئەندازیاری ئەم پرۆسەیە کە رێبەر ئاپۆیە، ناگرێتەوە."

ئەو ئەندامەی فەرماندەیی نەپەگە ئاماژەی بە مێژووی ململانێکان کرد و وتی: "کاتێک 15ـی ئاب دەستیپێکرد، کەنعان ئێڤرەن (سەرۆککۆماری ئەو سەردەمەی تورکیا) گوتی لە ماوەی 72 کاژێردا دەیانگرین و دەیانبەینە بەردەم دادگا ئەو 72 کاژێرە بووە 42 ساڵ و ئێمە هێشتا لێرەین. ئێستا ئێمە بە ملیۆنان مرۆڤین و دەیان هەزار کادیرمان هەیە. دەبێت دەوڵەت تێبگات کە بە زمانی توندوتیژی ئەنجام بەدەست نایەت."

قەرەیلان پێشنیازی کرد "دەستەی لێکۆڵینەوە لە راستییەکان و دادپەروەری" پێکبهێندرێت بۆ ئەوەی رووداوەکانی رابردوو روونبکرێنەوە و گوتی: "ئێمە نامانەوێت ببینە بەشێک لە دوژمنایەتی، بەڵکو دەمانەوێت ببینە بەشێک لە کۆمارێکی دیموکراسی، چونکە دەمانەوێت ئاشتییەکی بەردەوام بێتە ئاراوە."

موراد قەرەیلان پێی وایە ئاشتییەکی هەمیشەیی قازانجێکی زۆر بە گەلانی تورکیا دەگەیێنێت و تورکیا لە ناوچەکەدا دەکاتە پێشەنگ و گوتی: "لە مێژوودا، دەوڵەتی تورک هەر کاتێک لەگەڵ کورد هاوپەیمانی کردبێت، گەشەی کردووە و بەهێز بووە. ئێستاش لە سەردەمێکی مێژوویی ئاواداین. ئەگەر بەو تێڕوانینەی باسمان کرد نزیک ببنەوە، ئێمەش ئەوەی دەکەوێتە سەر شانمان جێبەجێی دەکەین. دەمانەوێت دۆزی ئازادیی کوردستان بە سیاسەتی دیموکراسی بەڕێوەببەین و پێویستە دەرفەتی ئەوە بڕەخسێت."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە