بۆ پێنجەم هەفتەیە عێراق هیچ بڕە نەوتێکی هەناردەی ئەمریکا نەکردووە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  146 جار خوێنراوەتەوە

بۆ پێنجەمین هەفتەی لەسەریەک، هەناردەکردنی نەوتی خاوی عێراق بۆ ئەمریکا سفر بووەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە.

بەپێی داتاکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، لە هەفتەی ڕابردوودا ئەمریکا هیچ بڕە نەوتێکی خاوی لە عێراقەوە هاوردە نەکردووە، بەمەش دەبێتە پێنجەم هەفتەی لەسەریەک کە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا ڕاگیرابێت.

هاوکات بەهۆی شەڕی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمزەوە، سعوودیەش هاوشێوەی عێراق هیچ بڕە نەوتێکی ڕەوانەی ئەمریکا نەکردووە.

دوایین جار کە عێراق نەوتی خاوی هەناردەی ئەمریکا کردبێت، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی ئەو هەفتەیەی کە دەکاتە 19ـی حوزەیرانی 2026. لەو کاتەدا عێراق ڕۆژانە بڕی 71 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەو وڵاتە کردبوو، پێش ئەوەی هاوردەکردنەکە بەتەواوی بوەستێت.

بەپێی داتاکانی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، لە ئێستادا کەنەدا پێشەنگی گەورەترین هەناردەکارانی نەوتی خاوە بۆ ئەمریکا بە بڕی سێ ملیۆن و 620 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ڕیزبەندیی وڵاتانی دیکەش بەم شێوەیەیە:


ڤەنزوێلا: 673 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

بەرازیل: 269 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

ئیکوادۆر: 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

کۆلۆمبیا: 150 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

مەکسیک: 149 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

نێجیریا: 84 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا

لیبیا: 29 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا


   ئەمانەش بخوێنەرەوە