ئاسیاسێڵ 5 خەڵاتی جیهانیی بردەوە
59 خولەک پێش ئێستا
20 جار خوێنراوەتەوە
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێنج خەڵاتی نێودەوڵەتیی لە خەڵاتەکانی ستیڤی بۆ ساڵی 2026 بۆ نایابیی تەکنەلۆژی بردەوە، کە تێیدا دوو خەڵاتی زێڕین، دوو زیو و یەک برۆنزی لە بەشە جیاوازەکانی ژیریی دەستکرددا (AI) بردەوە.
کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە دەڵێ: بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتانە دووپاتکردنەوەی پێشکەوتنی ئاسیاسێڵە لە خزمەتگوزاریی بەشداربووان و پەرەپێدانی سیستمێکی یەکگرتووی ژیریی دەستکرد. ئەم ئەنجامە داهێنانە ناوخۆییەکانی ئاسیاسێڵ دەباتە ئاستی چارەسەرە تەکنەلۆژییە پێشەنگەکانی جیهان.
وەرچەرخان لە خزمەتگوزاریی کڕیاران
خەڵاتی زێڕینی Stevie لە بەشی (پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای ساڵ) بەخشرا بە (لەیلا)، کە یاریدەدەرێکی پێشکەوتووی ژیریی دەستکردی ئاسیاسێڵە.
لەیلا، لە تشرینی دووەمی ساڵی 2024ـەوە دەستی بەکار کردووە و ملیۆنان داواکاریی بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی جێبەجێ کردووە.
ئەم سیستمە توانیویەتی 76%ی پرسیارەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی وەڵام بداتەوە. داوەرانی کێبڕکێکە لەیلایان بە (نموونەیەکی باڵا) وەسف کرد کە چۆن ژیریی دەستکرد خزمەتگوزاریی پەیوەندییەکان دووبارە پێناسە دەکاتەوە.
هەروەها ئاسیاسێڵ خەڵاتێکی دیکەی زێڕینی بۆ سیستەمی +CEI وەرگرت، کە رۆژانە ئەزموونی زیاتر لە 20 ملیۆن بەشداربوو دەپێوێت. لیژنەی دادوەری، ستایشی بەکارهێنانی زیرەکانەی ژیریی دەستکردیان کرد بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان پێوەرەکانی تۆڕ و ئەزموونی بەشداربووان.
دەستکەوتێکی جیهانی لە پاریس
عامر سوناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ رایگەیاند: "ئەم 5 خەڵاتە بەڵگەن لەسەر ئەوەی بەهرەمەندە عێراقییەکان دەتوانن چارەسەری ژیریی دەستکرد دروست بکەن کە نەک تەنیا لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکاندا بگونجێت، بەڵکو پێشیان بدەنەوە. ئێمە نیشانمان دا کە داهێنان تەنیا هاوردە ناکرێت، بەڵکو لێرە لەدایک دەبێ."
ماگی میلەر، سەرۆکی خەڵاتەکانی Stevie، پیرۆزبایی لە براوەکان کرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەم داهێنانانە داهاتووی تەکنەلۆژیا دادەڕێژنەوە.
بڕیارە لە رێوڕەسمــێکدا لە 28ی تشرینی یەکەمی 2026 لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا، خەڵاتەکان دابەش بکرێن.
ئاسیاسێڵ دەڵێ: ئەم سەرکەوتنە ئاسیاسێڵی بردە ریزی پێشەنگانی تەکنەلۆژیای جیهان لە نێو کێبڕکێیەکی توونددا کە کۆمپانیاکانی زیاتر لە 30 وڵات تێیدا بەشدار بوون. "ئاسیاسێڵ ئێستا لە قۆناخــێکی نوێدایە و بە تەواوی ئامادەیە بۆ خستنەڕووی خزمەتگوزارییەکانی G5 دوای وەرگرتنی رەزامەندیی فەرمی، تاوەکو چیدیکە عێراق لە کاروانی دیجیتاڵیی جیهان دانەبڕێت و بگاتە لووتکەی پێشکەوتن."
|