پەرلەمانی عێراق لیژنەیەک لەبارەی کێشەی بەنزین لە کوردستان پێکدەهێنێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
40 جار خوێنراوەتەوە
لیژنەی نەوت و غاز و سامانی سروشتی لە پەرلەمانی عێراق، بڕیاریدا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەی تەرخانکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی سوتەمەنی و بەنزین لە هەرێمی کوردستان.
لە نووسراوێکدا کە لەلایەن، سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز واژۆ کراوە، جەخت کراوەتەوە پێویستە لیژنە کاتییەکە لە زووترین کاتدا کارەکانی تەواو بکات و ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بکات بۆ ئەوەی ڕێکاری پێویست دەربارەی دابەشکردنی ئەو بڕە نەوتە و گەیاندنی سووتەمەنی بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بگیرێتە بەر.
ئامانج لەم بڕیارە، دابینکردنی پێداویستییەکانی سووتەمەنی و بەنزین و بەرهەمە نەوتییەکانە بە نرخێکی پاڵپشتیکراو و هەرزان بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
لیژنە کاتییەکە بە سەرۆکایەتی پەرلەمانتار عامر عەبدولجەبار دەبێت و ئەم پەرلەمانتارانەش ئەندامن تێیدا:
• جاسم عەتوان موسەوی
• سیپان عەزیز شێروانی
• عەلی شەداد فارس
• غالب محەممەد عەلی
• کاوە عەبدولقادر حەسەن
• کولسل محەممەد عەبدولڕەحمان
• محەممەد محەممد عەربود
سیپان شێروانی کە ئەندامی لیژنەکەیە، ڕایگەیاندوو: کاری لیژنەکە بەدواداچوونی بڕی ئەو 50 هەزار بەرمیل نەوتەیە، کە حکومەتی عێراق دەیداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە لەگەڵ تەوابوونی کارەکانمان، ڕاپۆرتێک بەرز دەکەینەوە بۆ حکومەتی عێراق و وەزارەتی نەوتی عێراق، چاوەڕوان دەکرێت و ئومێدەوارین بڕی ئەو نەوتە زیاد بکرێت و کێشەی سووتەمەنی لە هەرێمی کورستان چارەسەر بکرێت.
هەرێمی کوردستان ئێستا ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت دەپاڵێوێت، ئەمەش تەنیا بەشێکی کەمی خواستە ناوخۆییەکان پڕ دەکاتەوە، لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی وتی، حکومەتی عێراق یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی ناوخۆ دابین دەکات، بەپێی دوایین سەرژمێری پشکی هەرێمی کوردستان 140 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەیە، ئەگەریش هەر حیسابی 12.6% وەک پشکی هەریمی کوردستان بکرێت دەبێت، 126 هەزار ڕۆژانە بەهەرێمی کوردستان بدرێت، بەڵام تەنیا 50 هەزار بەرمیل بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
|