لێدوانی مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکانی سەر هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمان
13 کاتژمێر پێش ئێستا
333 جار خوێنراوەتەوە
مەسرور بارزانی داوایەک لە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەکات و دەڵێ: لەپێناو میللەتی خۆمان دەستی دۆستایەتی بۆ هەموو لایەنەکان درێژ دەکەین و ئەگەر ڕاستگۆ و خەمخۆرن وەرن پەرلەمان کارا بکەینەوە
مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی شەرمەزار کرد و رایگەیاند، "هیچ پاساوێک بۆ هێرشەکان نییە داواش دەکات، "پەرلەمانی کوردستان نەکرێتە بارمتە" و بە خێرایی کارا بکرێتەوە.
مەسرور بارزانی لەکاتی کردنەوەی پڕۆژەی ئاوی باڵندا - بارزان وتارێکی پێشکەش کرد، تێیدا باسی دۆخی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەی کرد. رووی قسەکانی کردە لایەنەکانی ناوخۆ و وتی، "لە دۆخێکی ناسکی وەکو ئێستا پێویستە لایەنەکان بۆ چارەسەر بێنە پێشەوە."
جەختی لەوەشکردەوە ئێمە وەک پارتی ئامادەین و پابەند دەبین ئەگەر لایەنەکانیش راستگۆن با بێن پەرلەمانی کوردستان کارا بکەینەوەو هەرێمی کوردستان لەم چەقبەستووییە سیاسییە رزگار بکەین.
مەسرور بارزانی لەبارەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، هیچ پاساوێک بۆ ئەو هێرشانە نییە و شەرمەزاری دەکەین. دەشڵێت، "نامانەوێ ببینە بەشێک لە شەڕی ناوچەکە" و زۆر جاریش بەهۆی گرژییەکان زیان بە هەرێمەکە گەیشتووە.
هاوکات سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستخۆشیی لە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی لە عێراق کرد و داوای کرد دەستووری عێراق وەکو خۆی جێبەجێ بکرێ.
وتیشی پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا زۆر باشە و پشتیوانی عەلی زەیدی و هەنگاوەکانی دەکەین بۆ ڕێکخستنەوەی عێراق.
|