لامین یامال؛ چیرۆکی ئەو لاوەی لە کۆچبەرییەوە گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیال

14   کاتژمێر پێش ئێستا  84 جار خوێنراوەتەوە

لامین یامال، ئەستێرەی لاوی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا، لە یاریی کۆتایی مۆندیالە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بکات، کاتێک بەرامبەر ئەرجەنتین و لیۆنێل مێسی یاریی دەکات.

لامین ناوێکی دیارە لە جیهانی تۆپی پێدا و هەمووان ئەو وەکو یاریزان دەناسن، بەڵام رەنگە چیرۆکی ژیانی ئەویان نەبیستبێت.

13ـی 7ـی 2007 لە بارسێلۆنا لە دایک دەبێت، باوکی کۆچبەرێکی مەغریبییە بە ناوی مونیر نەسراوی و دایکی خەڵکی گینیای کەمەرەییە بە ناوی شیلا ئێبانا، ئەو کاتە دۆخی دارایی دایک و باوکی هێندە خراپە تەنانەت ناتوانن خانوویەک بە کرێ بۆ خۆیان دابین بکەن، ئەو کاتە دوو هاوڕێی نزیکی خێزانەکەی بە ناوەکانی لامین و یامال هاوکاریی دارایی دەدەنە باوکی و بەو شێوەیە خۆیان لە کێشەی دارایی رزگارکرد، بەڵێ، ناوی لامین یامال، بەمشێوەیە و وەکو سوپاسگوزارییەک بۆ کارە لەبیرنەکراوەکەی ئەو دوو هاوڕێیە کرایە لامین یامال.

یامال لە گەڕەکێکی کۆچبەرنشین و پڕ لە کرێکار بە ناوی رۆکافۆندا گەورە بوو، گەڕەکەکە هێندە هەژار بوون، منداڵەکان لەسەر شەقام و بەشێوەیەکی خۆرسک فێری تۆپی پێ دەبوون، ئێستاش کاتێک لامین گۆڵ دەکات، ئاماژەکانی دەستی لە 3، 0 و 4 پێکدێن، وەکو سێ ژمارەی کۆدی پۆستی ئەو گەڕەکە.

لامین زۆر خێرا گەشەی کرد، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە چووە نێو سیستمی تۆپی پێی بارسێلۆنا و لە تەمەنی 12 ساڵیدا بووە بەشێک لە ناوبانگی لاماسیا، گەشەکردنەکەی هێندە خێرا و بێ وێنە بوو هەمووان پێی سەرسام بوون، هێندە بەتوانا و بەهرەمەند بوو لە تەمەنی 15 ساڵی، 9 مانگ و 16 رۆژیدا، بۆ یەکەمجار لەژێر سەرپەرشتی چاڤی هێرناندێز، یەکەم یاریی بەدرێسی بارسێلۆناوە ئەنجامدا و بووە بچووکترین یاریزان یارییەکە بکات.

ئێستا تەمەن تێدەپەڕێت و لامین هەر گەشە دەکات، نموونەی باڵا بۆ ئەو لیۆنێل مێسییە، شێوازی یارییکردنیان لەیەک دەچێت، هەردووکیان لە باڵ و بە قاچی چەپ یاریی دەکەن، زیاتر لەلای راستی یاریگاوە جوڵەدەکەن، تۆپ کۆنتڕۆڵ دەکەن و یاریزانەکان بەخێڕایی دەبڕن، پاسەکانیان، گۆڵەکانیان، هەموو شتێکیان لە یەکد دەچێت، تەنیا تەمەنیان نەبێت، جگە لەوەش هەردووکیان کاتێک یەکەم گۆڵیان بەدرێسی بارسێلۆناوە بەرامبەر ریال مەدرید تۆمارکرد، ژمارە 19 بوون و دواتر بوونەتە ژمارە 10ـی بارسێلۆنا.

لامین بچووکترین یاریزان بوو لە 16 ساڵیدا یاریی بۆ ئیسپانیا کردبێت و گۆڵیشی تۆمارکردبێت، لە یۆرۆی 2024 بووە گەنجترین یاریزان لە قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکی فەرمیدا گۆڵ بکات، ئێستا لەبەردەم هەلێکی گەورە و مێژووییدایە بۆ ئەوەی ریکۆردی دیکە لە مۆندیالدا بەناوی خۆی بکات.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە