لە هەڵبژاردنەکانی عێراق کارتی نیشتمانی بۆ دەنگدان بەکاردەهێندرێت

1     کاتژمێر پێش ئێستا  32 جار خوێنراوەتەوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوتوێی ئەگەری بەکارهێنانی کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو دەکات بۆ دەنگدان، تا لە پاڵ کارتی بایۆمەتریی دەنگدەردا کاری پێبکرێ.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، کۆبوونەوەیەک بە سەرۆکایەتیی دادوەر فەیاز یاسین حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران و ئامادەبوونی دادوەر عەباس فەتلاوی و دادوەرعیماد فارس، ئەندامانی ئەنجوومەن و چەند پسپۆڕێکی تەکنیکی بەڕێوەچوو.

مەبەست لە کۆبوونەوەکە، لێکۆڵینەوە بووە لە رێگەکانی یەکخستنی زانیارییەکانی کارتی نیشتمانی و کارتی بایۆمەتریی دەنگدەر لە کاتی دەنگداندا.

هەر لەو چوارچێوەیەدا لیژنەیەکی پسپۆڕ راپۆرتێکی وردی لەسەر لایەنە تەکنیکییەکانی پرۆسەکە پێشکەش کرد، کۆمیسیۆن بڕیاری دا نووسراو ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ بکات بۆ ئەوەی پێداویستییە تەکنیکییەکان دابین بکات تاوەکو بتوانن دۆخێکی ئەزموونی بۆ پڕۆژەکە و سەرخستنی ئامادە بکەن.

کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەش کرد، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی تەکنیکی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ دەکەن بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گرفتانەی دێنە پێش و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە.

بەرپرسێکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت "جارێ خوێندنەوە بۆ بابەتەکە دەکرێ لە رووی تەکنیکییەوە ، ئەگەر ئەنجامەکان دڵخۆشکەربوون، ئەوا رایدەگەیێنین.

ئاماژەی بەوەشکردووە گەورەترین کێشە لەبەردەم ئەم پڕۆژەیەدا جیاوازیی داتابەیسەکانە، چونکە وەزارەتی ناوخۆ پشت بە "ژمارەی کارتی نیشتمانی" دەبەستێت، بەڵام کۆمیسیۆن پشت بە "ژمارەی دەنگدەر" دەبەستێت.

هەروەها جیاوازیی تەکنیکی لەنێوان کارتەکان هەیە؛ کارتی بایۆمەتری سیستمێکی تایبەتی هەیە کە لە کاتی دەنگداندا دەخوێندرێتەوە، بەڵام کارتی نیشتمانی بۆ مامەڵەی رۆژانە دروستکراوە و سیستمی سێرڤەرەکانی جیاوازە.

کارتی بایۆمەتری، کە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی عێراق و هەرێمی کوردستان بەکارهێنراوە پشتی دەبەست بە پەنجەمۆری دە پەنجەی دەنگدەرەکە، رووخسار و هاوتاکردنی لەگەڵ کارتی نیشتمانیی دەنگدەرەکە.

بە گوێرەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کارتی نیشتمانی تۆمارکراون، گەیشتووەتە 48 ملیۆن و 266 هەزار و 503 کەس، کە 98٪ـی تێکڕای ژمارەی دانیشتووانە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە