تاوانی میدیاکان لە هەرێمی کوردستان کەمتر نیە لە کردەوەی سیاسییەکان
1 کاتژمێر پێش ئێستا
32 جار خوێنراوەتەوە
میدیا چۆن دەکرێ قسەی هەندێ کەسی بێ ئەزمون و ناسیاسیی بڵاوبکاتەوە؟
میدیا چۆن بووەتە پەنجەرەیەک بۆ بڵاوکردنەوەی قسەی بێ مانای ناسیاسی و هەڵتۆقیوەکانی هەرێمی کوردستان؟
کاتێک باس لە دەسەڵات و ململانێ سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەمیشە پەنجەی تۆمەت بۆ لای سیاسییەکان ڕادەکێشرێت. بەڵام لەم گەمە گەرمەی ئێستادا، ڕۆڵ و تاوانی میدیا کەمتر نییە لە کردەوەی ئەو سیاسییانەی نیشتمان و کۆمەڵگەیان کردووەتە گۆڕەپانی ململانێی بەرژەوەندییە تەسکەکان.
ئەو میدیایەی دەبوو ببێتە "چاو" بۆ بینینی کەموکورتییەکان و "دەنگ" بۆ گەیاندنی ئازارەکانی خەڵک، ئێستا بەداخەوە بووەتە "پەنجەرەیەک" بۆ بڵاوکردنەوەی ژاوەژاو و قسەی بێمانای ئەو کەسانەی کە بە "هەڵتۆقیوی سیاسی" ناودەبرێن.
ئەوەی ئەمڕۆ لە زۆرێک لە کەناڵ و دیجیتاڵ میدیا و پەیجەکان دەیبینین، بەشداریکردنی بەردەوامی ئەو کەسانەیە کە نە ئەزموونی سیاسییان هەیە، نە خاوەنی تێڕوانینێکی زانستییانەن، نەخاوەنی باکگراوندێکی سیاسیی راستینەن تەنها و تەنها لە ڕێگەی دەنگ بەرزکردنەوە و هات و هاوار و بێڕێزیکردن بە ئەوانی دیکە، هەوڵی دروستکردنی ناوبانگ دەدەن.
کاتێک میدیا سەکۆ دەداتە ئەم جۆرە کەسانە، لە ڕاستیدا بەشداری دەکات لە سووککردنی کایەی گشتی و کوشتنی "دیالۆگی شارستانی" لە نێوان خەڵکدا.
پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی میدیاکان ڕێگەیان داوە ئەو کەسانە بێنە ناو ماڵی خەڵکەوە؟ بەڕای من بەشێکی زۆری وەڵامەکە دەگەڕێتەوە بۆ "بە بازرگانیکردنی هەواڵ" و ڕاکردن بە دوای بینەر و "لایك" و "كۆمێنت"دا.
کاتێک بەهای میدیا لەسەر بنەمای ژمارەی بینەر و بابەتی بێ کوالێتیی دادەمەزرێت، نەک ئاستی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، ئەوا بێگومان ئەو کەسانەی دەبنە ئەستێرەی شاشەکان قسەی قووڵ و گونجاو ناکەن، بەڵکو ئەستێرەکان ئەوانە دەبن کە قسەی "بریقەدار و بێمانا"ی وەک خۆیان دەکەن و بڵاودەکەنەوە.
ئەو کەسانەی ئەمڕۆ وەک "کەسایەتی" لە میدیاکاندا نمایش دەکرێن، خەریکە مۆدێلێک بۆ نەوەی نوێ دروست دەکەن کە پێیان دەڵێت "هەرچی بێدەنگی و ڕێزگرتن و زانیاری هەیە، بێ سوودە، تەنها قسەی زل و بێمانا سەرکەوتووت دەکات." ئەمەش مەترسیدارترین دەرەنجامی ئەو میدیایەیە کە بەدوای کەسانی ئاست نزم و نەزان و هەڵتۆقیوانەوەیە.
وەک رۆژنامەنووسێک کە باوەڕی تەواوم بە پاکی و ڕێک و پێکی پیشەکەمان هەیە، هەرچەند لە ئێستادا خراپترین ئەندام و کارمەند و کەسی بێ ئەزموون ڕۆڵی میدیاکار دەبینن و ناشرینیان کردووە، داوا لە هەموو دەزگا میدیاییەکان دەکەم؛ با ئەم پەنجەرەیە بە ڕووی ئەو کەسانەدا دابخەین کە بە قسەکانیان ژەهر دەکەنە گیانی کۆمەڵگە و جگە لە تێکدانی زیاتری هەموو کایەو بوارەکان هیچ سودێکی دیکەیان نیە و نەبووە.
دەخوازم تادرەنگتر نەبووە و زیاتر سەرلێشێواوی بەرۆکی کۆمەڵگەکەی نەگرتووین سەکۆکانمان تەرخان بکەین بۆ ئەو کەسانەی خاوەنی بیرکردنەوە، پڕۆژە و تێڕوانینی جیاوازن و لە قسەی سواوی هەندێ ناسیاسیی و بێ ئەزموون دوور بکەوینەوە و لەوە زیاتر ئابرووی دۆخی هەرێمی کوردستان نەبەین.
میدیا دەبێت ئاوێنەی ڕاستینەی کۆمەڵگە بێت، نەک نمایشگایەک بۆ ئەو کەسانەی کە جگە لە ناکاو هەڵتۆقین، هیچ شتێکی دیکەیان بۆ خەڵک و نیشتمانەکەمان پێ نییە.
سوهەیب شێخ ئەحمەد نوسیویەتی..
|