ئێران لە بارەی گەرووی هورمزەوە هۆشداری دەداتە فەرەنسا و بەریتانیا

1     کاتژمێر پێش ئێستا  41 جار خوێنراوەتەوە

لە وەڵامی بەیاننامە هاوبەشەکەی فڕەنسا و بریتانیا سەبارەت بە گەروی هورمز، ئێران دوبارە هۆشدارییدا لە هەر جوڵەیەکی سەربازیی ڕۆژاوایی لەو ڕێڕەوە دەریاییە گرنگ و زیندوەدا.

کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی ئەمڕۆ شەممە لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند، "وەک هێزی بەرپرس و دەستەبەرکاری ئاسایشی گەروی هورمز، هۆشداری لە هەر جوڵەیەکی سەربازی لە ناویدا دەدەین".

هەروەها جەختی کردەوە کە "تەنها ئەو وڵاتە کەناراوییانەی دەڕوانن بەسەر گەروەکەدا، بەرپرسن لە مسۆگەرکردنی ئاسایشی و هورمز گۆڕەپانی نمایشی سەربازی نییە".

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران ده‌ڵێت، گەروی هورمز گۆڕەپانی نمایشی سەربازی نییە بۆ هێزە دەرەکییەکانی ناوچەکە و هۆشداریشیدا کە هەر لایەنێک هەوڵی نانەوەی قەیران بدات، خۆی بەرپرسیارێتیی لێکەوتەکانی سەرکێشییەکەی هەڵدەگرێت.

ئەو وەڵامە دوای ئەوە هات کە هەینی، کیه‌ر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فڕەنسا ڕایانگەیاند کە عومان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر کارکردن لەگەڵ بریتانیا و فڕەنسا بۆ دڵنیابون لە به‌کراوەیی هێشتنەوەی گەروی هورمز.

هەروەها جەختیان کردبوەوە کە هورمز شا دەمارێکی گرنگە بۆ ئابوریی جیهان و گەڕاندنەوەی تێپەڕبونی سەلامەتی کەشتییەکانی هەمو وڵاتان بە ناو گەروەکەدا، پرسێکی جێی بایەخی جیهانییە.

لە ئێستاشدا بەریتانیا و فڕەنسا خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دەستپێکردنی ئەرکێکی سەربازی بە مەبەستی پاراستنی گەروەکە لە هەر گەمارۆدانێکی ئەگەری لە داهاتودا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە