"کۆگاکانی چەکی ئەمریکا بەرەو نەمان دەچن"

3   کاتژمێر پێش ئێستا  34 جار خوێنراوەتەوە

بەگوێرەی راپۆرتێکی نوێ، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، بەردەوام گومانی لەو زانیارییانە هەبووە، کە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی (پێنتاگۆن) سەبارەت بە جەنگ و ئاستی کۆگاکانی چەک پێشکێشی دەکات و پێیوایە راستییەکە لەوە مەترسیدارترە، کە باس دەکرێت.
 
گۆڤاری "زە ئەتلانتیک" لە راپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، ڤانس لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ، چەندین جار پرسیاری لەبارەی راستی و دروستیی ئەو داتایانە کردووە کە پێنتاگۆن سەبارەت بە بڕی تەقەمەنی و مووشەکەکان بڵاویان دەکاتەوە.
 
ڤانس نەک هەر گومانی لە داتاکان هەبووە، بەڵکوو نیگەرانیی خۆشی دەربڕیوە کە کەمبوونەوەی ئاستی کۆگاکانی چەک، توانای ئەمریکا بۆ بەرگرییکردن لە هاوپەیمانەکانی لە ناوچە جیاوازەکانی جیهان لاواز بکات. ئەو بە تایبەتی ئاماژەی بە مەترسییەکانی سەر تایوان، کۆریای باشوور و وڵاتانی ئەورووپا کردووە. 
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە پێنتاگۆن "وێنەیەکی تەواو راستەقینە" لەبارەی کەمبوونەوەی مووشەکە ستراتیجییەکان نیشانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نادات. ئەمەش لەکاتێکدایە کە پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و بەرپرسانی دیکەی پێنتاگۆن جەخت لەوە دەکەنەوە کە کۆگاکانی چەکی وڵاتەکە "بەهێزن" و هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە.
 
سەرچاوە ئاگادارەکان رایانگەیاندووە ڤانس ئەم نیگەرانییانەی گەیاندووەتە خودی ترەمپ و داوای کردووە وردبینییەکی زیاتر لە شێوازی کارکردنی پێنتاگۆن و ئەو زانیارییانەدا بکرێت، کە دەگەنە کۆشکی سپی.
 
ئەم ناکۆکییە نێوخۆییەی نێوان جێگری سەرۆک و وەزارەتی جەنگ لە کاتێکدایە، ئەمریکا لە چەندین بەرەی جیاوازدا رووبەڕووی ئاڵۆزیی سەربازی بووەتەوە و پرسی دابینکردنی چەک بۆ هاوپەیمانەکانی بووەتە جێگەی مشتومڕی زۆر لە ناوەندە سیاسییەکانی واشنتن.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە