تورکیا: دەبێ هەسەدە بەپەلە مەرجەکانی دیمەشق جێبەجێ بکات

2   کاتژمێر پێش ئێستا  235 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری بەرگریی تورکیا داوا لە هەسەدە دەکات بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا، بەپەلە مەرجەکانی رێککەوتن لەگەڵ دیمەشق جێبەجێ بکات و دەشڵێت: "تاوەکو دڵنیا نەبنەوە کە رێکخراوی تیرۆر لەسەر وڵاتەکەمان نابێتە هەڕەشە، بێ پچڕان لە چالاکییەکانمان بەردەوام دەبین."
 
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای تورکیا سەردانی فەرماندەیی لیوای 12ی کۆماندۆی لە شاری عوسمانییە کرد و لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و دوایین پێشهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستان قسەی کرد.
 
یاشار گولەر داوای لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد کە پابەندی رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا بێت و رایگەیاند: "بۆ ئاسایشی سنوورەکانمان، و هەروەها بۆ سەقامگیریی هەمیشەیی و یەکپارچەیی سیاسیی سووریا، دەبێ هێزەکانی یەپەگە-هەسەدە داواکارییەکانی رێککەوتنەکانی 10ی ئادار و 18ی کانوونی دووەم بەپەلە جێبەجێ بکەن."
 
یاشار گولەر راشیگەیاند، سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان لەگەڵ هەسەدە، لەگەڵ حکومەتی سووریا لە هەماهەنگی نزیکدان.
 
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بە پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا کرد و وتی: "ئەم پڕۆژە مێژووییە، بە هەوڵەکانی سوپاکەمان لە گۆڕەپان و بە دیدگای دەوڵەتیی ژیرانە بەڕێوەدەبردرێ. بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، دەبێ پەکەکە و گرووپەکانی سەر بە پەکەکە، بەتایبەتی لە سووریا، کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن و بە زووترین کات بەبێ مەرج چەکەکانیان دابنێن."
 
گولەر سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەرەوەی سنووری تورکیا وتی: "تا بە تەواوی دڵنیا نەبینەوە کە رێکخراوی تیرۆر لەسەر وڵاتەکەمان نابێتە هەڕەشە و تاوەکو نەگەینە ئاستی پێویست لە ئاسایش، لە چالاکییەکانمان کە پلانیان بۆ دانراوە، بەبێ وەستان بەردەوام دەبین."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە