نیگرێرا تووشی زهایمەر بووە و دوور نییە دۆسێیەکە دابخرێت
1 کاتژمێر پێش ئێستا
8 جار خوێنراوەتەوە
گۆڕانکاریی گەورە لە لێکۆڵینەوەکانی دۆسێی تۆمەتبارکردنی یانەی بارسێلۆنا، بەپارەدان بە جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا روویدا، کاتێک خۆسێ نیگرێرای تۆمەتباری سەرەکی لە دۆسێیەکە، تووشبونی خۆی بە زهایمەر پشتڕاستکرایەوە.
دۆسێیەکە بەناوی 'دۆسێی نیگرێرا' ناسراوە. دادگای ئیسپانیا تۆمەتی پارەدانی گومانلێکراوی بەبڕی 7 ملیۆن یۆرۆ بە نیگرێرا، ئاراستەی ژمارەیەک لە بەرپرسانی یانەی بارسێلۆنا کردووە.
سەرۆکانی پێشووی یانەکە، هەریەکە لە جۆسیپ ماریا بارتۆمیۆ و ساندرۆ رۆسێل، تۆمەتبارن بەوەی پارەی بێبنەمایان داوەتە خۆسێ ماریا ئینریگێز نیگرێرای جێگری سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانان لە لالیگا و خاڤیێری کوڕی.
دادگا، لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە زیاتر لە حەوت ملیۆن یۆرۆ لەلایەن بارساوە وەک بەرتیل درابێتە نیگرێرا.
دۆسێیەکە لەسەرەتادا تۆمەتەکانی گەندەڵیی وەرزش و خراپ بەڕێوەبردن و ساختەکاریی لە دۆکۆمێنتەکان بوو، بەرلەوەی 'شووشتنەوەی پارە'ی بخرێتە ناو.
رۆژنامەی 'مارکا' ئاشکرایکردووە، نیگرێرا کە لەبەردەم دادوەردا ئامادەبووە، داوای لە دادوەری لێکۆڵینەوە لە دۆسێیەکە کردووە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی تەندروستیی بکات و پشکنینی گشتی بۆ ئەنجام بدرێت.
نیگرێرا، لە رێگەی داواکارییەکەوە کە پارێزەرەکەی بۆ دادوەری بەرزکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەداوە کە حاڵەتی شێوانی هەستەکی لە دوای دوایین پشکنینەوە کە لە 2023 ئەنجامیداوە، "خراپتر" بووە.
دانیال پێرێز-ئیسکی، پارێزەری نیگرێرا، روونیکردووەتەوە کە بریکارەکەی هەست بەلاوازیی درککردن و هەستەکانی دەکات و ئەوەش بووەتە رێگر لە بەرگریکردنی پێویست لە مافەکانی لەو لێکۆڵینەوانەی ئێستا لەگەڵی ئەنجامدەدرێن.
لەبەرئەو هۆکارانەی باسکران، نیگرێرا داوایکردووە دادپزیشکی پسپۆر، پشکنینی بۆ بکات، تاوەکو دادوەر بڕیار لەوە بدات، لە دۆسێیەکە بەیەکجاری دووری بخاتەوە، بەهۆی تووشبوونی بە 'خڵەفان'.
نیگرێرا لەگەڵ هەریەکە لە بارتۆمیۆ و ساندرۆ روسێل و کەسانی دیکەش، لەژێر لێکۆڵینەوەدان بەپێدانی 7 ملیۆن یۆرۆ لەلایەن بارساوە، لە نێوان 2001 تاوەکو 2018 و ئەو پارانە، لەلایەن داواکاری گشتییەوە وەک بەشێک گەندەڵیی وەرزشی تەماشا دەکرێت.
نیگرێرا، ساڵی 2023 لەلایەن پزیشکانی دادپزیشکی پەیمانگای دادپزیشکی کەتەلۆنیا، پشکنینی بۆ ئەنجامدرا، پاش ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە دۆسێیەکە.
دادوەری سەرپەرشتیاری دۆسێیەکە، ئەوکات پێیوابوو نیگرێرا هێشتا توانای عەقلیی دروستە و توانای ئامادەبوون لەبەردەم دادوەری هەیە، ئەگەرچی هەندێک کێشەی لە هەستکردن هەیە بەهۆی چوونە ناو تەمەنەوە.
لە نوێترین راپۆرتدا کە تیمی پارێزەرانی نیگرێرا بەرزیانکردووەتەوە، بۆ دادوەری لێکۆڵینەوەی دۆسێیەکە و راپۆرتەکە، لەلایەن پزیشکانی دادپزیشکییەوە دەرچووە، دەریدەخات تۆمەتبار، کێشەی هەستەکیی هەیە (کە سەرەتایە بۆ گۆڕانکاریی بەرەو زهایمەر).
تیمی پارێزەران روونیدەکەنەوە کە راپۆرتێکی نوێی دەرچوو لە دامەزراوە 'ئەی سی ئی'، کە سەنتەرێکی نێودەوڵەتییە بۆ بینینی نەخۆشانی زهایمەر، دووپاتیدەکاتەوە، دۆخی هەستەکیی نیگرێرا زیاتر تێکچووە.
سەنتەرەکە، بەتایبەت دەڵێ، نیگرێرا لە ئاستی پێنجەمی لاوازبوونی هەستەکیدایە و ئەوەش 'خڵەفانێکی هاوسەنگە'.
هەروەها دەڵێ، "ناتوانین نکوڵی لەو شێواوییە بکەین کە لەماوەی رابردوودا دووچاری بووەتەوە، هەروەها دووپاتیدەکەینەوە کە پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی زیاتر هەیە".
ئەوەی ئێستا لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێدراوە، لەبارەی دۆخی تەندروستیی عەقڵیی نیگرێرا، سەرەتایەکی پێشکەوتووە بۆ نەخۆشیی زهایمەر کە نەخۆشییەکی باوی بیرچوونەوە و قۆناخی پێش خڵەفانی یەکجارییە لە نێو کەسانی پیردا.
تێکچوونی هەستەکی کە نیگرێرا تووشی بووە، قۆناخی راگوزەرە بەرەو گۆڕانکارییە سرووشتییەکانی پیری و خڵەفان و دواتر زهایمەر.
وەک سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن، لە سایەی ئەو راپۆرتە نوێیەدا، دەکرێ نیگرێرا بەتەواوی لە دۆسێیەکە وەک تاوانباری سەرەکی دووربخرێتەوە (ئەگەر دادوەر بڕیار بدات)، ئەوکات ئیدی دۆسێیەکە ئاراستەیەکی جیاواز وەردەگرێت، چونکە بەشێک لە تۆمەتباری سەرەکی تێیدا وەلادەنرێت و دوورنیش نییە بەیەکجاری دابخرێت، کە ئەوەیان رووداوێکە ریال مەدرید بەهیوا نییە رووبدات، وەک زیانمەندێکی سەرەکی لەو لێکەوتانەی بەهۆی رووداوەکانی نێو دۆسێیەکەوە روویانداوە.
پێشتر ریال مەدرید وەک زیانمەند لە رووداوەکانی دۆسێیەکە سکاڵای تۆمارکردووە و بەداواداچوون بۆ دۆسێیەکە دەکات.
|