پاش دەرکردنی ئەلۆنسۆ، یاریزانانی ریال مەدرید لە ئەربێلوا یاخیبوون
1 کاتژمێر پێش ئێستا
11 جار خوێنراوەتەوە
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، کەوتووەتە نێو ناکۆکی تووند لەگەڵ هەندێک لە یاریزانانی تیپەکەی، پاشئەوەی ناڕەزایەتییان لە هەندێک بڕیاری ئەو راهێنەرە دەربڕیوە لە چەند یاریی رابردووی تیپەکە.
ریال مەدرید، بەهۆی شکست بەرامبەر بێنفیکا بە 4 - 2 گۆڵ لە چامپیۆنزلیگ، کەوتە پاشکۆی قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە، لە کاتێکدا لە دوایین یاریی خۆیدا بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ بە 2 - 1 گۆڵ، بەزەحمەت و لە دوا خولەکەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن، لە پاش ماوەیەک لە ئارامی لە ژووری جلگۆڕیندا، لە دوای رۆیشتنی چابی ئەلۆنسۆ، جارێکی دیکە ناسەقامگیری و نائارامی گەڕاوەتەوە بۆ ژوورەکە.
رادیۆی 'کادینا سێر' دەڵێ، ئەربێلوا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی دوای یارییەکەی رایۆ ڤاییکانۆ، ماوەی زیاتر لە نیو کاژێر دواکەوتووە، چونکە مشتومڕی تووندی لەگەڵ ژمارەیەک یاریزاندا هەبووە لە ژووری جلگۆڕین، پاش یارییەکە.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێ، ئەربێلوا زۆر نزیکە لە یاریزانەکان، بەشێوەیەک کە هەندێکیان باوەڕ بەوە ناکەن ئەو راهێنەرە هێندە لێیان نزیکە، بەڵام هەمووان لایان سەیربووە کە لە یارییەکەی بێنفیکادا هەندێک بڕیاری سەیری داوە، وەک بەشداریی پێنەکردنی سێبایۆس، لە بەرامبەر بێنفیکا، لە کاتێکدا سێستێرۆی لاو لە یارییەکەدا خولەکی یارییکردنی پێدراوە.
رادیۆکە دەڵێ، یاریزانە سەرەکییەکانی تیپەکە، ئەو پرسیارەیان گەیاندووەتە راهێنەرەکە.
'کادینا سێر' هەروەها دەڵێ، مشتومڕ لە نێوان هەندێک لە یاریزانانی یانەکە و ئەربێلوا لە دوای یارییەکەی رایۆ ڤاییکانۆ جارێکی دیکە سەریهەڵداوەتەوە، لە کاتێکدا تیپەکە بەلێدانێکی سزا لە دوای نۆ خولەک کاتی زیادکراو لەلایەن ناوبژیوانەوە، سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
بەپێی رادیۆکە، گفتوگۆی دوای یارییەکە، سەریکێشاوە بۆ مشتوموڕ و دەمەقاڵە لە نێوان هەندێک یاریزان و راهێنەرەکەیان، چونکە بۆچوونی جیاواز و تووند و درێژ خراوەتە روو لەگەڵ ناکۆکیی تاکتیکی و هونەری لەنێوان هەردوولا.
رادیۆکە هەروەها دەڵێ، هەندێک لە یاریزانان، گوتویانە ئەوان پێشبینی گەشەکردنی زیاتریان دەکرد لە دوای دوورخستنەوەی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی تیپەکە و هاتنی ئەربێلوا، ئەوان پێشبینی کارکردن بەبێ سکاڵا و بۆڵەبۆڵیان دەکرد، بەڵام ئێستا واهەستدەکەن هیچ نەگۆڕاوە و هەر لەسەر دەستی راهێنەری تیپی دووەمی ریال مەدرید (کاستیا) مەشقدەکەن.
وا دیارە هەندێک لە یاریزانەکانی ریال مەدرید هەستدەکەن ئەربێلوا لە رووی تاکتیکی و پلانی یارییکردن و بەڕێوەبردنی ئەستێرەکانەوە، لە یاریزانەکانی ریال مەدرید کەمئەزموونترە و توانای کارەکەی نییە.
پێدەچێت ئەمە سەرەتای یاخیبوون بێت لەو راهێنەرەی، دیارنییە تاوەکو کەی لە بەڕێوەبردنی تیپەکە بەردەوام دەبێت.
ریال مەدرید، لە پاش لەدەستدانی نازناوی جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا، بڕیاری دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆی لە مەشقدانی تیپەکەدا.
|