وەزارەتی کشتوکاڵ: بەراورد بە ساڵانی رابردوو چوار هێندە باران باریوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  9 جار خوێنراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، باران سێ تا چوار هێندە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کردووە؛ کشتوکاڵی هەولێر دەڵێ: "ئەم ساڵ نزیکەی 600 ملم باران لە شەقڵاوە باریوە." کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند، " ئەم ساڵ 521 ملیم باران لە شاری سلێمانی باریوە." کشتوکاڵی سۆرانیش دەڵێت: "ئەم ساڵ زیاتر لە 1011 ملیم باران لە مێرگەسۆر باریوە."
 
هیوا عەلی بە میدیاکانی راگەیاند: "ئەم ساڵ سەرچاوەکانی ئاو و ئاودێری زۆر باشە و باران سێ تا چوار هێندە بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیادی کردووە. دۆخی بەنداوەکان، بەتایبەت هەرسێ بەنداوە گەورەکە بەخێرایی بەرزدەبێتەوە و لە سەرەتای مانگی 12ی ساڵی رابردووەوە دەست بە گلدانەوەی ئاو کراوە تاوەکو کۆتایی مانگی پێنجی ئەم ساڵ؛ هاوکات دۆخی کشتوکاڵ و پلانی چاندنی زستانە زۆر بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت.
 
بە وتەی هیوا عەلی، پێشبینی باش هەیە بۆ بووژانەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان و بەرزبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی. دەشڵێت: "پێویستە ئەوەش بگوترێت کە پێشبینییەکان زۆر باشن بۆ رەوینەوەی ترسی وشکەساڵی لەسەر ئاو، ئاودێری، کشتوکاڵ و ژینگە لە هەرێمی کوردستاندا."


   ئەمانەش بخوێنەرەوە