ژمارەیەکی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کران
1 کاتژمێر پێش ئێستا
18 جار خوێنراوەتەوە
پارێزەرێکی دۆسیەی دەستگیرکراوانی لالەزار رایگەیاند، ئەمڕۆ 7 کەس لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە ئازاد کراون، لەنێویاندا ئەفسەری پلە باڵا و سکرتێری لاهوور شێخ جەنگی هەن.
بورهان ڕەشید گوڵە، پارێزەری لاهور شێخ جەنگی بە ٧ڕۆژی وت، "چەند کەسێکی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد كران، کە تاوەکو ئێستا 7 کەسن".
بە وتەی ئەو پارێزەرە، یەکێک لەوانەی ئەمڕۆ ئازاد کراوە کەریم حاجی عەلی، شۆفێری تایبەتی لاهوور شێخ جەنگی بووە و پلە سەربازییەکەی عەقیدە، یەکێکی دیکەیان عەباس عەبدولقادر حەسەن، ئەویش بەهەمانشێوە شۆفێری لاهوور شێخ جەنگی بووە و پلەی ئەفسەری هەیە.
ئەو پارێزەرە وتی: "فەرمانی ئازادکردنی هەریەکە لە کاروان موحسین بایز و د. ئەحمەد فاتیح دەرکراوە، کە هەردووکیان سکرتێری لاهوور شێخ جەنگین و دوای رێکارە کارگێڕییەکان ئەوانیش ئەمڕۆ ئازاد کراون".
تاوەکو ئەمڕۆ لە کاتی جیادا ژمارەیەک لە دەستگیرکراوانی لالەزار ئازاد کراون، لەنێویاندا 16-01-2026 چوار کەس و 13ـی هەمان مانگ 17 کەسی دیکە ئازاد کران.
|