وەزارەتی پێشمەرگە: هاوپەیمانان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و پشتیوانی پێشمەرگە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  37 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ڕایگەیاند، لە کۆبونەوەیدا لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان، بەردەوامی پاڵپشتی و پشتیوانیەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دوپاتکردەوە، هەروەها هیوای خواست هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ لابردنی هەر کۆسپ و تەگەرەیەکی بەردەم پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتەكە.

وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی  پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ فیتزگیڕاڵد، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد و وەزیری پێشمەرگە ڕۆڵی گرنگی هێزەکانی هاوپەیمانان و لە ناویشیاندا هێزەکانی ئەمریکا لە پاڵپشتی و پشتیوانیان بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پرۆسەی چاکسازی بەرزنرخاند. 

وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، "ستایشی ڕۆڵی باڵای ئەمریکا و هاوپەیمانان دەکەین بۆ هاوکارییە بەردەوامەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، هیوادارین پاڵپشتیەکان لەم ساڵدا فراوانتر ببن". هەروەها چەند پرسێکی گرنگ و پەیوەست بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان، دەسەڵاتە کارگێڕی و دارایی و یاساییەکانی فەرماندەی دەڤەری یەک و دو، گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی هاوپەیمانان باسیان لە دۆخی ئەمنی ناوچەکە و دوایین گۆڕانکارییەکان کرد - بە تایبەتی پرسی ئێستای سوریا و ڕۆژاڤای کوردستان، پێویستی هاوپەیمانان و ئەمریکا لە چاودێری دۆخی سوریا و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەکەیان و ڕێگریکردن لە دوبارەبونەوەی هەر هێرش و پەلامارێک، لەگەڵ پاراستنی مافەکانی کورد لە چوارچێوەی دەستورێکی هەمیشەییدا.

لایخۆیەوە کۆڵۆنێڵ فیتزگیراڵد، دوای ڕاگەیاندنی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی و گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی، بەردەوامی پاڵپشتی و پشتیوانیەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکای بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان دوپاتکردەوە.

هەروەها دڵخۆشی خۆی دەربڕی کە پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە، و هیوای خواست هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە بۆ لابردنی هەر کۆسپ و تەگەرەیەکی بەردەم پرۆسەکە. ئەوەش بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە