سەرۆکایەتى پەرلەمان: "نابێت هەڵبژاردنی سەرۆ‌ککۆمار لە 8-2 تێپەڕێت"

16   کاتژمێر پێش ئێستا  82 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکایەتیی پەرلەمانى عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنەکان چاوەڕێی ئەنجامی سەردانی شاندێکی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگین بۆ هەرێمی کوردستان لەبارەی پۆستى سەرۆک‌کۆمار، تاوەکو رۆژی دانیشتن بۆ هەڵبژاردنەکە دیاری بکەن و باسیان لەوە کردووە کە نابێت ئەو دانیشتنە لە 8ی شوبات تێپەڕێت.
 
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی شوباتی 2026 کرا، دوای ئەوەی نەتوانرا دانیشتنى پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆ‌ککۆمار بکرێت.
 
یەکێک لە سەرۆک فراکسیۆنەکان کە بەشداربووی کۆبوونەوەکە بوو، بە رووداوی راگەیاندووە، دوو رۆژ دیاریکراوە بۆ دانیشتن، ئەگەر سەردانى شاندنى هاوپەیمانى چوارچێوەى هەماهەنگی بۆ هەرێمى کوردستان ئەرێنى بوو،  5 ى شوبات دەبێت، ئەگەریش ئەرێنی نەبوو، دانیشتنەکە لە 8ی شوبات بکرێت.
 
بەگوێرەی دەستوور، دەبێت لە 30 رۆژدا لە یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان، سەرۆ‌ککۆمار هەڵبژێردرێت و ئەویش لە 15 رۆژدا بەربژێری سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.
 
موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان رایگەیاندووە: "لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاز کرا کە چاوەڕێی سەردانی شاندی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی بکەن بۆ هەرێمی کوردستان، ئەگەر سەردانەکە ئەرێنی بوو، پێنجشەممە یان شەممە یان یەکشەممەی داهاتوو بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاری بکەن بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار."
 
شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی 2ی شوبات سەردانی سلێمانی و هەولێر دەکەن و لەگەڵ یەکێتی و پارتی کۆدەبنەوە.
 
بە وتەی عەباس رازی، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانێتییەکە، ئەو سەردانە بۆ گەیشتنە بە لێکتێگەیشتن لەنێوان یەکێتی و پارتی لەبارەی پۆستەکەوەیە.
 
موسەننا ئەمین دەڵێت: "لە کۆبوونەوەکەدا وا باس کراوە کە نابێت دانیشتنی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 8ی شوبات تێپەڕێت".
 
بۆ پۆستی سەرۆک‌ کۆمار 19 کاندید کێبڕکێ دەکەن، دیارترینیان فوئاد حوسێن، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان و نزار ئامێدی، کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن.
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە