مەسعود بارزانی: پێویستە هەمووان وانە لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن
2 کاتژمێر پێش ئێستا
33 جار خوێنراوەتەوە
مەسعود بارزانی، ڕایگەیاند، ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت و پێویستە هەموو لایەک وانە لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن.
ئەمڕۆ شەممە، ئامینە زکری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ئیستانبوڵ، پەیامی مەسعود بارزانی، سەرۆکی حزبەکەی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، خوێندەوە.
بارزانی، لە پەیامەکەیدا جەختی کردووەتەوە “هەردەم دیالۆگ و لێکگەیشتن باشترە لە شەڕ و ئاڵۆزی و لە گفتوگۆ و ئاشتیدا مرۆڤایەتی براوە دەبێت.” هەروەها ئاماژەی بەوە کرد “ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێ دەپەڕێت و پێویستە هەموو لایەک وانە لە هەڵەکانی ڕابردوو وەربگرن”.
مەسعود بارزانی، پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەربڕیوە و ئەوەی وتووە: “پڕ بە دڵ دەستخۆشی لە حکومەتی تورکیا و بەڕێز ئەردۆغان و بەڕێز ئۆجەلان دەکەم کە هەلیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و دانوستاندن ڕەخساندووە”.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردوەتەوە، پشتیوانی هەر هەوڵێک دەکات کە خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی و بەهێزکردنی برایەتی و پێکەوەژیانی گەلانی ناوچەکە بکات.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، لەلایەن دەم پارتییەوە ڕێکخراوە، ئەمڕۆ دەستی پێکردووە و تا سبەینێ یەکشەممە بەردەوام دەبێت.
بەشێک لە میوانان بیانین و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتین، هەروەها ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بە شێوەیەکی ئۆنلاین پەیامەکەی ئاراستەی بەشدار بووان کرد.
|