قوباد تاڵەبانی: كار بۆ بەهێزتر كردنی پەیوەندییەكانی ئەمریكاو هەرێم بكرێت

1     کاتژمێر پێش ئێستا  18 جار خوێنراوەتەوە

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران پێشوازی لە مایكڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كرد و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا و چەند پرسێكی گرنگی جێی بایەخی هەردوولا كرا.

جێگری سەرۆكوەزیران پیرۆزبایی كردنەوەی گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمریكای كرد لە هەرێمی كوردستان و بە رووداوێكی گرنگی ناوبرد كە ئاماژەیە بۆ بەهێزی و گرنگیی پەیوەندیی نێوان ئەمریكا و هەرێم.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر كاری زیاتر بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و هەرێمی كوردستان. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: دەرگای هەموو شار و ناوچەكانی كوردستان كراوەیە بەڕووی ئەمریكادا بۆ بەهێزتركردنی پەیوەندییەكان لە هەموو بوارەكاندا و بە تایبەتیش لە بوارەكانی ئەمنی و ئابووری و بازرگانی و كلتووریدا.

سەبارەت بە هێرشكردنەسەر كێڵگەی گازی كۆرمۆر، هەردوولا هاوڕابوون ئەم هێرشە تیرۆریستییە بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی كوردستانە و دەبێت كۆتایی بەم جۆرە هێرشانە بهێنرێت. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەردەوامی و چەندبارەبوونەوەی هێرشەكان بۆسەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێم سەلمێنەری ئەوەیە كە پێویستە ئاستی هەماهەنگی نێوان هەرێم و ئەمریكا بەردەوام و زیاتر بێت.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كرا. قوباد تاڵەبانی لەمبارەیەوە جەختی كردەوە ئامادەین بۆ پێكهێنانی حكومەت لەسەر بنەمای هاوسەنگی و هاوبەشیی راستەقینە كە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو هاووڵاتییان و ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بكات.

لەبارەی هێزەكانی پێشمەرگە و چاكسازییەكانی وەزارتی پێشمەرگەشەوە، جەختكرایەوە لەسەر بەردەوامی هەنگاوەكانی چاكسازی بەوجۆرەی پلانی بۆ دانراوە. جێگری سەرۆكوەزیران رایگەیاند چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە قۆناغی باشی بڕیوە و سوپاسی ئەمریكای كرد بۆ هاوكاریكردنی هەرێم لەمبارەیەوە و جەختیشی كردەوە لەسەر بەردەوامی پڕۆسەكە تا ئەو كاتەی هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی هێزێكی راهێنراوی پیشەیی و نیشتمانی و دوور لە هەرچەشنە دەستێوەردان و ئینتمایەكی حیزبی.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە