سۆسیالیست: بچینە پەرلەمانی عێراق بە کوردی قسە دەکەین
12 کاتژمێر پێش ئێستا
175 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت، 23 کانیدیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە و لە ئەگەری سەرکەوتنیان، لەوێ تەنیا بە کوردی قسە دەکەن.
د. فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە ٧ڕۆژی ڕاگەیاند: "کاتێک دەڵێین عێراقی نین بە کردەوەش دەیسەلمێنین، ئێمە کە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتین بۆ پەرلەمان نە خۆم و نە بەربژێرەکانی دیکەمان هیچمان ئامادەنین بە عەرەبی قسە بکەین".
وتەبێژی سۆسیال دیموکرات وتی: "دەبێت لە پەرلەمانی عێراق وەرگێڕی راستەخۆ بۆ زمانی کوردی دابنرێت، دەستوور ئەو مافەی بە کورد داوە، بەڵام بەداخەوە لە رابردوودا پەرلەمانتارانی کوردستان ئەو مافەیان بەکارنەهێناوە".
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەممەد حاجی مەحموود سەرۆکایەتی دەکات و یەک کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، لە حکومەتیش وەزیرێکیان هەیە.
فەرهاد تۆفیق کە هاوکات سەرۆکایەتیی لیستی حیزبەکەی دەکات لە بازنەی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "مادەی چواری دەستووری عێراق روونی کردووەتەوە، زمانی کوردی هاوتای زمانی عەرەبییە نەوەکو یەکەم و دووەم، بۆیە کورد مافی خۆیەتی داوا بکات تابلۆکانی رێنمایی هاتووچۆ لە بەسرە کوردییان لەسەربێت".
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیارە 11ـی مانگی داهاتوو بەڕێوەبچێت و سبەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکە دەستپێدەکات.
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 23 بەربژێری لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک، دهۆک و دیالە هەیە.
|