لێدوانی نوێی ئەمریکا لەبارەی ئەمریکییە دەستگیرکراوەکەی لالەزار
21 کاتژمێر پێش ئێستا
995 جار خوێنراوەتەوە
لەبارەی ئەو هاووڵاتییە ئەمریکییەی لە لالەزار دەستگیرکرا، وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی وتووە: "پابەندبوونی خۆمان بە یارمەتیدانی هاووڵاتییانی ئەمریکا کە گەشت دەکەن یان لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، بە جیدی وەردەگرین." دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: "مەشقی بە هێزی نایاسایی کردووە."
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند: "بۆ وەزارەتی دەرەوە لە پاراستنی سەلامەتی و ئاسایشی هاووڵاتییانی ئەمریکا، هیچ شتێکی دیکەی لەپێشتر نییە. ئێمە پابەندبوونی خۆمان بە یارمەتیدانی هاووڵاتییانی ئەمریکا کە گەشت دەکەن یان لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن، بە جیدی وەردەگرین. بە هۆی پاراستنی نهێنی و هۆکارەکانی دیکە، هیچ زانیارییەکی زیادەمان بۆ بڵاوکردنەوە نییە."
ئەو ئەمریکییەی لە لالەزار دەستگیرکراوە ناوی برایان ویڵسن-ـە.
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی، 5-9-2025 بڵاویکردەوە: "هاووڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی برایان ویڵسن لە شەوی رووداوەکەی لالەزاردا لە 22-08-2025 دەستگیرکراوە."
راشیگەیاند: "پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵ برایان ویڵسن دانی بەوەدا ناوە، کە خۆی سەربەخۆ و بەبێ ئاگاداری و رەزامەندیی وڵاتەکەی کە ئەمریکایە هاوکار بووە لە دروستکردن و مەشق و راهێنانی مەیدانی بە میلشیایەکی چەکداری نایاسایی بە ناوی (هێزی دووپشک)."
بە وتەی عەقید سەلام عەبدولخالق: "برایان ویڵسن وەک کەسێکی بەکرێگیراو ئەرکی مەشق و راهێنانی سەربازی بووە بەو هێزە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیرکراوە و ئێستا لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگیراوە و یاسای بەسەردا جێبەجێ دەکرێت."
بەرەبەیانی 22ـی ئابی 2025 دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی و هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە هۆتێل لالەزاری سلێمانی، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و زیاتر لە 150 ئەندامی هێزەکەی دەستگیرکران.
|