ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم 28 داواکاریی سلێمانی جێبەجێ دەکات

6   کاتژمێر پێش ئێستا  276 جار خوێنراوەتەوە

سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین رایگەیاند، ئەمڕۆ بەرپرسانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لەگەڵ سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەتەوە. پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت، "28 داواکاریمان پێشنیاز کردبوو، رەزامەندی لەسەر هەموویان درا."
 
هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین راگەیاند: "کۆبوونەوەکە تەواوکەری کۆبوونەوەیەک بوو کە لە ماوەی رابردوو لە سلێمانی بەڕێوەچوو، بەمەبەستی گەیاندنی داواکاری و کێشە و گرفتەکانی هەردوو پارێزگاکان، ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و پێویستییەکانی ئەو سنوورە."
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین وتی: "هەموو داواکارییەکانمان پێشکێشکردن و گفتوگۆیان لەسەر کرا، بۆ خزمەتکردنی ئەو دەڤەرە بە گشتی بەشێکی زۆری داواکارییەکان کە پەیوەست بوون بە خزمەتگوزاری، تەندروستی، رێگەوبان و دابینکردنی پێداویستییەکانی دامودەزگاکان کە بەشێکی زۆریان رەزامەندییان لەسەردرا، ئەوانەشی کە پێویستیان بە گفتوگۆ و وردەکاری زیاتر بوون لە ماوەی داهاتوو درێژەیان پێدەدرێت."
 
وتیشی: "شەش سەلـلەی کارەبا و شەش ئۆتۆمبێل بۆ وەزارەتی کارەبا، ئامێری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن و بودجەی بارودۆخی لەناکاو، وەکو وشکەساڵی و تای خوێنبەربوون بۆ ئیدارەکەمان دابینکران و بە نووسراوی فەرمی وەڵاممان وەرگرت."
 
هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاندووە: "خۆشبەختانە ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر 28 داوای پارێزگەی سلێمانی داوە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا فەرمانەکانی پێداوین".
 
راشیگەیاند، داواکارییەکان لە بوارەکانی پێداویستی قوتابخانەکان، پێداویستی قەزا و ناحیەکان، شارەوانی و بلوارەکانی شەقامی شێخ مەحموود و بلواری تاسڵوجە، هەروەها رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی بوون. 
 
لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، 30ـی تەممووزی 2024، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئاماج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەردانی پارێزگا‌ی سلێمانییانن کرد و لەگەل هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و جێگری پارێزگا‌ی هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان کۆبوونەوە.  
 
ئەوکات ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند، ئامانج لە سەردانەکە بۆ گفتوگۆکردن و بەدواداچوون بوو، سەبارەت بە داواکارییەکانی سنوورەکە و، جێبەجێکردنی بڕیارەکان و بەجێگەیاندنی داواکاریيەکانی هەردوو پارێزگا‌ و ئیدارە سەربەخۆکانی سنوورەکە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە