کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دواخرا
5 کاتژمێر پێش ئێستا
282 جار خوێنراوەتەوە
ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ''بەهۆی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو باڵەکە کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دواخرا.''
نزار مەحموود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان (لە گردی زەرگەتە) رایگەیاند، ''کێشە و ناکۆکی لەنێوان هەردوو باڵەکە دروستبووە، بۆیە پێیان گوتین کۆنفرانسەکە دواخرا، بەڵام کاتەکەیان پێ نەگوتووین کە بۆ کەی دواخراوە.''
دواجار و دوای دوو کۆنفرانسی جیای دوو باڵی گۆڕان لە شاری سلێمانی، رۆژی شەممە کاتژمێر 08:00ـی بەیانی دەرگای چوونەژوورەوە بۆ کۆنفرانسی بزووتنەوە بە سەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرایەوە.
هەردوو ئاراستەکەی گۆڕان، ناکۆکییان لەسەر دەستووری بزووتنەوەکە هەیە، لە گردەکە دەڵێن، بەپێی دەستوورەکەیان نابێت لە کۆنفرانس رێکخەر هەڵبژێردرێت، ئاراستەکەی دیکە دەڵێن، مەرجی کۆمیسیۆنە رێکخەر هەڵبژێردرێت.
کۆبوونەوەی دوو ئاراستەکە لە کۆنفرانسێکدا لەکاتێکدایە، دوای ناکۆکییە نێوخۆییەکانیان، 05-04-2025 ئاراستەی گردی زەرگەتەی بزووتنەوەکە کۆنفرانسی گشتیی بەڕێوەبرد. هەروەها ئاراستەکەی دیکەی بزووتنەوەکە 26ـی نیسان کۆنفرانسێکیان بەڕێوەبرد، بەڵام هیچیان بۆ خاوەنداریکردن لە حیزبەکە پەسندکردنیان لە کۆمیسیۆنەوە پێ نەدرا.
بە گوێرەی دەستووری ناوخۆی گۆڕان، بزووتنەوەکە پێکدێت لە خانەی راپەڕاندن، جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتیی، ژوورەکان، فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ئەنجوومەنی قەزاکان و تیمی گۆڕان لە حکومەت.
جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە لە گۆڕاندا.
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "ڕێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی".
|