مەسعود بارزانی هۆشداری توند دەداتە بەغدا

7   کاتژمێر پێش ئێستا  31 جار خوێنراوەتەوە

جارێکی دیکە مەسعود بارزانی هۆشداری توند دەداتە بەغدا و دەڵێت ناكرێ قووتی هاووڵاتیان بە سیاسی بكرێت و وەك چەكێك لەدژی خەڵكی كوردستان بەكار بهێنرێت .

مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەیەکیدا لە گەڵ ژمارەیەك سەرۆك هۆز و كەسایەتییەکانی پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق رایگەیاند بوونی ناكۆكیی گەلی كوردستان لەگەڵ حكوومەت و ڕژێمەكانی عیراق، بە مانای ناكۆكی لەگەڵ گەل و پێكهاتەكانی عێراق نایەت.. وتیشی سیاسەتی هەڵەی حكوومەتەكان هەرگیز ناتوانێ پەیوەندیی نێوان گەلان تێك بدات.

مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد حەز دەكەن هەموو عێراق ئاوەدان بێت و ببوژێتەوە و كەرامەتی هاووڵاتیان لە هەموو بەشەكانی عێراق پارێزراو بێت.

سەبارەت بە كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ مەسعود بارزانی دووپاتی کردەوە، ناكرێ قووتی هاووڵاتیان بە سیاسی بكرێت و وەك چەكێك لەدژی خەڵكی كوردستان بەكار بهێنرێت. 

وتیشی حوكمڕانیی لە عێراق كاتێك سەركەوتوو دەبێت كە دەستوور جێبەجێ بكرێت و هەموولایەك پابەندی هەر سێ پڕەنسیپی هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی بن.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر مەسعود بارزانی پەیامێکی توندی ئاراستەی بەغدا کرد و رایگەیاند دواکەوتنی مووچەی خەڵکی کوردستان بە هیچ شێوەیەک قابیلی قبوڵ کردن نیە.

 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە