"گرێبەستی گاز هێرشی پێچەوانەی هەرێمی کوردستانە بۆ سەر بەغدا"
4 کاتژمێر پێش ئێستا
44 جار خوێنراوەتەوە
هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی لە واشنتن لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی لە بواری وزە واژۆ کرد، قەبارەکەی 110 ملیار دۆلارە، بەغدا یەکسەر هاتە سەر هێڵ و لە رێگەی وەزارەتی نەوتەوە گوتی 'ئەو رێکارانەی هەرێمی کوردستان گرتوونیەتەبەر بە ئاشکرا دژی یاسا عێراقییەکانە'.
سەمیر نوعمان، شارەزای نەوت و گاز و سەرپەرشتیاری پێشووی کاری هەڵکۆڵین لە کۆمپانیای دانەگازبە میدیای پارتی وت: ئەم گرێبەستە بەهۆی گەورەیی قەبارەکەیەوە زۆر بەخێرایی کاردانەوەی لێکەوتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە سەردەگرێت و یاساییە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان ئەگەر دڵنیا نەبوونایە ریسکێکی وا گەورەیان ئەنجام نەدەدا.
راشیگەیاند: ئەم گرێبەستە وەکو هێرشی پێچەوانەی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر بەغدا لەکاتێکدا عێراق دوو ساڵە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرتووە، هاوکات بەغدا ناتوانێت پەرەپێدانی گاز لە هەرێمی کوردستان رابگرێت، چونکە پەرەپێدانەکە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی نێوخۆییە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی دوو رێککەوتننامەکەی واشنتن بڵاوکردەوە و وەڵامی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە: "ئەو گرێبەستانە نوێ نین و پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانیان بە یاساییبوونیاندا ناوە. حکومەت دەڵێت ئامانج لەمە پڕکردنەوەی پێداویستی نێوخۆییە و لە رێگەی زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە عێراق"
هاوکات د. گۆڤەند شێروانی، پسپۆڕ و شارەزای وزە وتی: ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بواری گاز سەرکەوتووترە لە عێراق و هەرێمی کوردستان پلانی هەیە 100٪ پێداویستی گاز بۆ کارەبا پڕبکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد: تێبینییەکانی عێراق لەبارەی گرێبەستەکە سیاسییە نەوەک تەکنیکی و یاسایی و بەغدا خۆی بەهۆی ئەجێندای دەرەکییەوە پەرە بە کەرتی گاز نادات لەکاتێکدا خاوەنی یەدەگێکی زەبەلاحی گازی سرووشتییە بەتایبەت لە کێڵگەی عوکاز.
ئەم دوو گرێبەستە، یەکێکیان لەگەڵ کۆمپانیای ئێچ کەی ئێنە، کە بەهاکەی نزیکەی 40 ملیار دۆلارە، ئەوی دیکەش لەگەڵ وێسترن زاگرۆس کە بەهاکەی نزیکەی 70 ملیار دۆلارە.
هەردوو ئەو کێڵگەیەی کە ئەم دوو گرێبەستە دەیانگرێتەوە لە سنووری سلێمانی، کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیرن و ئێستا جێی مشتومڕە لەنیوان هەولێر و بەغدا.
|