ئاماژەكانی پشت دانوستان و ئۆپراسیۆن
ئەنوەر حسێن (بازگر)
28/07/2026
144 جار خوێنراوەتەوە
* شەڕی (12) ڕۆژە، (40) ڕۆژە، (13) ڕۆژە، لەنێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، شەڕ و دانوستان، شەڕ، ئێستا دواین قۆناغی چوارەم؛ لە ئەجێندای ئەمەریكادایە. كە كوشندەتر و سەختر دەبێت و ڕەنگە دەرفەت بۆ دانوستان و گەڕی چوارەم نەهێڵیتەوە.
* ئامادەكاری ئەمەریكا بۆ شەڕیكی نوێ، لەڕێگای سنورەكانی عێراق (نوخەیب) و هەرێمی كوردستان، بەشداری وڵاتانی كەنداو، توركیا، نەرمی نواندنی وڵاتانی ئەوروپا، بەشداریكردنی ئۆكرانیا، یان ئەوەی باس لە هاوپەیمانێتییەكی (40) وڵات ئامادەكاری بۆ هەمو ئەگەرەكان دەكرێت.
* ئێرانییەكان دەزانن؛ لەهەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئەمەریكا هەمو ئەوەی پێش شەڕ بەدەستیهێناوە (425 كیلۆگرام كە یۆرانیۆمی پیتێنراو، موشەكی بالیستی، درۆن، دروستكردنی پڕۆكسی لە عێراق، یەمەن، لوبنان) ئەوەش كە ئێستا دوای شەڕ ئەمەریكا پێداگری لەسەر دەكات (ستراتیژی بونی گەروی هورمز و دەرهێنانی لە دەست ئێران، واتا كۆنتڕۆڵی نەوت و غازی ئێران – دروستبونی نەیاری زۆر لە كەنداو، كوشتنی ڕابەر و ڕابەرانیان، تێكشكاندنی ئابوری ئێران، شكستی حیزبوڵڵاو و مقاومەی عێراق)، هەرگیز نەك براوە نابن، بەڵكو پێیان وایە، سیناریۆی (عێراق، لیبیا، سوریا) بەرامبەریان دوبارە دەبێتەوە، بە تێگەیشتن لەم فەلسەفەیە دەردەكەوێت دانوستان چانسی باشی نابێت.
* لە دواین سەردانی عەلی زەیدی سەرەك وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن، پرسیویەتی چیتان لە ئێران دەوێت؟ ترامپ وتویەتی؛ ملدان بۆ هەمو داواكانی ئێمە و جێبەجێ كردنی ڕێككەوتنەكان.
زەیدی وتویەتی، واتا ئامانجتان ڕوخانی ئێران نییە؟ ترامپ وتویەتی! نەخێر هێشتا بڕیاری ئەوەمان نییە، بەڵكو ئەوە ئێرانییەكانن خۆیان وابیر دەكەنەوە، پاشان لە سەردانەكەی بۆ تاران، زەیدی ئەو پەیامەی گەیاندۆتە پزیشكیان ئەویش وتویەتی خۆشمان هەر وابیر دەكەینەوە، بەڵام زەیدی دەزانێ كە قسەی یەكەم، ئەم دو كەسە نایكەن. (ئەم قسانەی زەیدی لە دواین كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باسكراون).
* ئەوە ڕاستە، ڕوخان، هێشتا نەبۆتە خاڵی جەوهەری سیاسەتی واشنتۆن، بەڵام ئاماژەكان دەڵین، ڕەنگە دواین كارتی بەكارهاتو بێت، ئێرانی داهاتو، گەر مۆدێلی عێراقیش نەبێت، ڕەنگە لەسەر مۆدێلی ڤەنزوێلا بونیادبنرێت.
پاش شكستی ئەم خولەی دانوستانەكان، جگە لە هێرشی سەخت و توند بۆسەر جوگرافیای هورمز و دابەزاندنی هێزی یەكەی تایبەت بە دوای یۆرانیۆمەكەدا دەگەڕێن، بە كێوی فارس-ەوە، دامەزراوەی فۆردۆر ئەسفەهان، جیا لەوانە توركیا ڕێگا دەدات خاكەكەی بەكاربێت، كە ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە، لە پاڵ نزیكبونەوەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی ئێران لە سنور ئاماژەیەكی تری ئۆپەراسیۆنی جۆراوجۆرە (هەرچەندە توركیا مخالیفە).
واتا قۆناغی چوارەمی شەڕ، گەر یەكلاكەرەوەش نەبێت زۆر سەخت و دژوار دەبێت، لە حاڵەتی شكستی دانوستانەكان.
ڕەنگە گرنگترین ڕوداو ئەو بۆچونەی فایەق زێدان بێت كە وتویەتی؛ كە بارودۆخەكە لە دەست دەرچوە و ناگەڕێتەوە.
* توركیا نەرمی نواندوە بۆ بەشداری لە شەڕ و سیناریۆكانی، بەڵام بەمەرجی ئەوەی هێزە كوردیەكان بەشدار نەبن، گەر ئەوەش ڕوبدات (كە خاڵی ناكۆكی نێوان ئەنكەرە و ئەل تەبیب)ە، توركیا بەنیازە شاری موسڵ داگیر بكات و هێزی زۆرتریش داخڵی هەرێمی كوردستان بكات.
* لە بەرامبەردا، ئێران پلانی هەیە ئۆپراسیۆنێك بكاتە سەر هەرێمی كوردستان بۆ پەلاماردانی بارەگاكانی هێزەكانی ڕۆژهەڵات و جبەخانەكانی هێزی پێشمەرگە و كونسوڵگەرییەكانی ئەمەریكا و بەڕیتانیا، واتا كردنەوەی بەرەیەكی تری شەڕ دژی هەرێم بە پشتیوانی گروپەكانی مقاومەی ئیسلامی لە عێراق، وەكو چۆن لە یەمەن بەرەیەكی تری شەڕی كردۆتەوە دژی سعودیە.
ڕەنگە، لە بەرەیەكی تر هێزەكانی مقاومەی ئیسلامی عێراقی پەلاماری كوێت بدەن و یەمەنیەكانیش هێرشی زۆرتر بكەنە سەر سعودیە و لە بەرامبەردا پەلاماری سعودیە و هاوپەیمانەكانی بۆسەر یەمەن بەیەكجاری یەكلا بكرێتەوە.
* خۆ مەڵاسدانی ئیسرائیلیش لەولاوە بوەستێ، كە دەستی لە هەمو شوێن گیركردوە و خەریكی سیناریۆسازیە، بەڵام واباشە هەمو لایەنە كوردیەكان خۆی لێ بەدور بگرن، نەك لەبەرئەوەی بێزراوە لە ناوچەكە، بەڵكو شایەنی پشت پێ بەستن نییە، ناشتوانێ ئامانجی هیچ لایەنێك بەدیبهێنێت جگە لە ئەجێنداكانی خۆی.
|
هەموو وتارەکانی
ئەنوەر حسێن (بازگر)