یاسایەکی باشی نەوت دەتوانێت زامنی موچە بکات نەک ڕێکەوتنێکی پڕ لە بێمتمانەیی
جوانڕۆ محەمەد
27/09/2025
470 جار خوێنراوەتەوە
دوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ژمارە(22ی ساڵی 2007یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان) لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە لە ڕێکەوتی (15-2-2022)، بە ئامادەبونی (9) ئەندامی دادگاکە و بەزۆرینەی دەنگی(7) ئەندام و بڕیاردان لە نادەستەری بونی یاساکەی هەرێم و دواتر دەرچونی بڕیارەكەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس كە بووە هۆی راگرتنی نەوتی هەرێمی كوردستان، کە لە (277) لاپەڕە پێكهاتووە، لە رۆژی (13ی شوباتی 2023) بە پێی بڕیارەكەی دادگای ژووری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس، حكومەتی هەرێمی كوردستان حكومەتێكی دەستوری و یاساییە لە چوارچێوەی عێراقدا، بەڵام ناتوانێت نەوت لە رێگەی بۆریەوە بگوازێتەوە بۆ دەرەوە، چونكە هەرێمی كوردستان بەشێك نیە لە رێككەوتنی ( بە بازاڕكردنی نەوتی جیهانی) كە لە نێوان توركیا و عێراق لە ساڵی 1973 تایبەت بە بۆری نەوت واژۆكراوە.
ئەمەش وایکرد عێراق بە تەواوی دەستیکرد بە گوشارەکانی بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەکانی خۆی و سەپاندنی بەسەر سیاسەتی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی سامانی سروشتی هەرێمی کوردستان لەو فەڕاغە یاساییەدا.
ئێستا کە هەردوو حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتونەتە ڕێککەوتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگای كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق( سۆمۆ)وە دەستیپێکردوەتەوە، بڕیار وایە تا کاتی گفتوگۆ و پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق بەردەوامبێت.
ئێستا کاتیەتی هەرێم بە ئاڕاستەی دەرچواندنی (یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان) جوڵەبکات و یاساکە لە پەرلەمانەکەی خۆیەوە دەرچوێنێت و پێش پێکهێنانەوەی پەرلەمانی نوێ لە عێراقدا و پێش دەرچواندنی یاسای نەوت و غاز لە عێراق کە ماوەیەکی زۆرە قسە لەسەر دەرچواندنی دەکرێت ئەم کارە بکات چونکە: بەپێی( مادەی 115 ی دەستوری عێراق) ئەگەر ناکۆکی دروستبوو لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمەکان، ئەوا پێشینە بۆ هەرێمەکانە.
کەواتا ئێستا کاتیەتی و تاڕادەیەکیش درەنگە کە پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە لە پێناو و نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و دەرچواندن و هەموارکردنەوەی یاسا و دەربازکردنی هەرێمی کوردستان لەو دۆخە شڵەژاو و چەقبەستوە، هەروەها بڕوا دروستکردنەوە لای هاوڵاتییان بە بەهێز کردنەوەی پایەکانی دیموکراسی .
هیچ گومانی تێدانییە، پەرلەمانێکی کارا زامنی پاراستن و گەشەکردنی دۆخی سیاسی و دیموکراسییە و هۆکاری کۆتای هێنانە بەو بێمتمانەییەی بەرامبەر پرۆسەی هەڵبژاردن دروستبوە.
لەم کاتەدا ئەگەر هەرێمی کوردستان یاسایەکی گونجاوی هاوتەریب بە دەستوری عێراق تایبەت بە نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دەرچوێنێت، ئیدی دەبێتە خاوەنی بەشێک لە دڵنیایی کە لە خولی ئایندەی پەرلەمانی عێراقدا و لە ئەگەری دەرچواندی یاسای نەوت و غازی عێراق لە پەرلەمانێکی کەمینە کورد دا دەکرێت ئەم یاسایە ببێتە زامنی جێگیر کردنی خواستەکانی هەرێم لە یاساکەی عێراقدا، بەهۆی ئەو ماددە دەستوریانەی کە ئەولەویەت دەدەن بە یاساکانی هەرێمی کوردستان.
ئەمانەش هەمووی دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستییەی کە هەبونی یاساییەکی باشی نەوت دەتوانێت زامنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات، نەک ڕێککەوتنێت دوای دوو ساڵ و نیو لە کێشمەکێش و بێمتمانەی.
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
|
هەموو وتارەکانی
جوانڕۆ محەمەد